کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەقز لەگەڵ نەبوون و کەمبوونی پزیشکی پسپۆڕ بەرەوڕووە

10:17 - 30 سەرماوەز 2721

خزمەتگوزاریی پزیشکی لە سەقز لە ئاستێکی نزمدایە و بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارە بەئەنقەست خەڵک لە چاوەڕوانیدا دەهێڵنەوە. خزمەتگوزاریی پزیشکی لەو شارە تەنیا بە خزمەتگوزاریی سەرپێیی لە دەرمانگاکانی نێو شار سنووردار کراوەتەوە .

زۆربەی دەرمانی دەرمانخانەکانی نێو شار هی ئەو کارخانە ئێرانییانەن کە کوالێیتییان لە خوارەوەیە. ئامێرەکانی تاقیکاریی پزیشکی لە سەقزدا کەمە و خەڵک بۆ تاقیکارییەکانی مێشک و دڵ و ئێسک و... ناچارن ڕوو بکەنە شارە گەورەکانی ئێران .

پزیشکی پسپۆڕ لەم شارەدا زۆر کەمە و ئەو پزیشکانەش کە دێنە سەقز، پاش ماوەیەکی کورت ئەم شارە بەجێ دەهێڵن. چەند مانگە دوکتوری پێست لەم شارەدا نییە و بەرپرسانی پزیشکیی ئەم شارە هیچ گرینگییەک بەم بابەتە نادەن .

نیزامی بەڕێوەبەریی پزیشکیی سەقز هاوشێوەی شورای شار و شارەداری و فەرمانداری تووشی گەندەڵی و بێسەرەوبەرەیی بووە و هیچ چاوەدێرییەک بەسەر چۆنیەتیی دەرمان و چەندایەتی و چۆنایەتیی خزمەتگوزاریی پزیشکی لەم شارەدا نییە .