''سەلاحەدین دەمیرتاش'' هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دێموکراتیکی گەلان (HDP) بەهۆی هەوڵ و تێکۆشانی لەمەڕ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە کوردستانی باکوور، خەڵاتی مافی مرۆیی ''ویمار''ـی لە ساڵی ٢٠٢١ پێ بەخشرا.
ئەنجومەنی نەتەوە هەڕەشە لەسەرەکان (GfbV) لە ''گوتینگێنـ''ـی ئاڵمان کە کارەکەی پشتیوانی لە مافی کەمایەتییە نەتەوەییەکانە، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە شورای شاری ''ویمار'' پێشنیاری کۆمیتەی خەڵاتی مافی مرۆیی قەبووڵ کردووە.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە بڵاو کراوەتەوە هاتووە: ''دەمیرتاش یەکێک لە گرینگترین سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە مێژووی هاوچەرخی تورکیەیە".
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ''دیمیرتاش'' لایەنگری چارەسەرکردنی ئاشتیخوازانەی پرسی کورد، دێموکراتیزەکردنی تورکیە و بەرابەری لەنێوان کەمایەتییەکانی وەک ئەرمەنی و ئاشووری لە تورکیەیە.
بڕیارە ڕێوڕەسمی بەخشینی ئەو خەڵاتە مانگی دێسامبری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.