کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلاحەدین دەمیرتاش خەڵاتیی ئەدەبیی فەڕانسەی بەدەست هێنا

17:40 - 27 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: خەڵاتی "مۆنتلووک" بە سەلاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستان، بەخشرا.

خەڵاتی ئەدەبیی فەڕانسە ناسراو به "مۆنتلووک"؛ کە خەڵاتی ئازادی و خۆڕاگرییە بە کتێبی "سەحەر" لە نووسینی سەلاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستان و هەروەها هاوسەرۆکی  پێشووی پارتی دێموکراتی گەلان (HDP) بەخشرا.

ئەو خەڵاتە هەموو ساڵێک لە شاری لیۆنی فەڕانسه بە بەرهەمێکی ئەدەبی دەدرێت.

دەمیرتاش بە نووسینی کتێبی سەحەر توانی لە نێو نووسەرانی دیکەی وەک "ڕۆبێرتۆ ساویانۆ، ڕانا ئەحمەد، ماریا فلئۆر ئالبجکر و عەلا ئەلعەسوانی"  هەنگاوێک پێش بکەوێت و ئەو شانازییە تۆمار بکات.

کتێبی سەحەر کۆمەڵە چیرۆکێک لەخۆ دەگرێت کە سەلاحەدین لە زیندانەکانی تورکیەدا نووسیویەتی و ئەو کتێبە هەتا ئێستا بە ١٢ زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراوەتەوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەداری کورد، ساڵی ١٩٧٣ لە شارۆچکەی پالۆی سەر بە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە ساڵی ٢٠١٠دا بوو بە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دێموکراسی (BDP)، دواتر دەمیرتاش دەبێتە ھاوسەرۆکی پارتی دێموکراتی گەلان و دواتر لە لایەن حکوومەتی تورکییەوە دەسبەسەر دەکرێت و هەتا ئێستا لە زینداندایه.