کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلاسی باوەجانی ساڕێژی برینەکانی لوڕستان دەکات

11:46 - 15 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی سەلاسی باوەجانی، لە هەڵمەتێکی خۆڕسکدا لوڕستانیان لە ئامێز گرت و ساڕێژی برینەکانیان دەکەن.

لە دوای هاتنی لافاو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران و بەتایبەت لەم ڕۆژانەی دواییدا لە شارەکانی لوڕستاندا، زۆربەی شار و ناوچەکان هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی و گەیاندنی شمەکی پێویست بە لێقەوماوانی ئەو ڕووداوەیان دا.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی خاکەلێوەوە، خەڵکی سەلاسی باوەجانی لە هەڵمەتێکی خۆڕسکدا، کۆکردنەوەی یارمەتی و شمەکی پێویست بۆ خەڵکی لێقەوماوی لوڕستانیان دەست پێ کردووە و وەک هەمیشە، سەرەڕای بارودۆخی نالەباری ژیانی خۆیان و هاتنی بوومەلەرزە و سێڵاو ئەوەی لە دەستیان بێت بۆ یارمەتی گەیاندن بە خەڵکانی لافاولێدراو دەیکەن.

هەر لەو پێوەندییەدا، لە دوای هەستانی لافاو لە شاری گوڵستان و پشتگوێخستنی ئەو ڕووداوە، لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، سەرئەنجام خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان و سەلاسی باوەجانی کە زامچێشتووی ڕووداوە سروشتییەکان و بێهیوا لە یارمەتییەکانی ڕێژیم بوون، لە هەوڵێکی مرۆڤدۆستانەدا بە کۆکردنەوەی شمەک و پێداویستییە سەرەتایییەکان یارمەتییان بە لافاولێدراوانی ئەو پارێزگایە گەیاند.