کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلام ئیسماعیل پوور: لە کابینەی ڕەئیسی شتێک بێجگە لە قەیران و سەرکوت بۆ خەڵک چاوەڕوان ناکرێ

11:12 - 18 پووشپەڕ 2721

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

''ئیبراهیم ڕەئیسی'' لە هەڵبژرادنێک بە کەمترین ڕێژەی بەشداری خەڵک لە کەشیکی بەبێ ڕەکابەر بوو بە سەرکۆمار.

سەرکۆمارێک کە بە پشتیوانی تەواوی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران هاتە سەرکار چۆن ئێران بە ڕێوە دەبات؟ چ ئاڵوگۆرێک لە پێکهاتەی سیاسی ئێران پێک دینێت؟ ناوبراو چ کاریگەرییەکی لەسەر پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەبێت و ...؟

 لەو وتووێژەدا لەگەڵ بەرێز کاک ''سەلام ئیسماعیل پوور'' چالاکی سیاسی، ئەو بابەتەمان خستووەتە بەرباس کە سەرنجتانی بۆ خویندنەوەی ڕادەکێشین.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی سەرکۆماریی ئێراندا براوەکان و دۆڕاوەکان کێهانە بوون؟

سەرەتا دەبێ بزانین مەبەست لە براوە و دۆڕاو لە ڕوانگەی کێ یان کام لایەنەوەیە، ئەگەر مەبەستتان لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و مەسڵەحەتی ئازادیخوازانی ئێران و ئێمەی کورد یان نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران بێت، دەبێ بزانین هەر یەک لە دوو لایەنی سەرەکیی ئەو هاوکێشەیە لە بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیەدا چ سیاسەت و ئامانجێکیان هەبووە و تا چ ڕادەیەک لە دەستەبەرکردنی ئامانجەکەیاندا سەرکەوتوو بوونە.

ئامانجێک کە کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی وەها هەڵبژاردنێکی چەواشەکارانەدا دەیهەوێ پێی بگات، بەدەستهێنانی پرێستیژ و ڕەوایی سیستمێکی دێموکراتیکی ئەمڕۆیی بە بێ هەبوونی بەستێنەکانی دێموکراسی و ملدان بە ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵک و دەستاودەستکردنی جمگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتە. واتە دەیهەوێ باجی دێموکراسی نەدات و بەو حاڵەشەوە لە بەرچاوی خەڵک و دنیای دەرەوە خاوەن ڕەوایی دێموکراتیک بێت. بەڵام بە دەرکەوتنی دەرئەنجامەکانی ئەو بەناو هەڵبژاردنە و ڕێژەی زۆر کەمی بەشداریی خەڵک و ئەوەی کە تەنانەت لەو ڕێژە بەشدارییە کەمەشدا،  ئاماری دەنگە پووچەڵەکان لە ڕیزبەندی دووەمی کاندیداکاندا و لە سەرەوەی چەندین مۆرە و سیمای ناسراوی دەسەڵات وەک موحسین ڕەزایی هاتەوە، نەک هەر ڕێژیم بە ئامانجی خۆی نەگەیشت، بەڵکوو تووشی شکست و ئابڕووچوونێکی گەورە لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەییدا بووەوە و دەتوانین بڵێین سەکەوتنێک بۆ ئازادیخوازان و خەڵک و لایەنگرانی بایکۆتی ئەو شانۆگەرییە بوو. هەروەها خودی دیاریکردنی تاوانبارێکی وەک ڕەئیسی وەکوو سەرکۆماری ڕێژیمیش لە ڕاستیدا ڕیسواییەکی گەورە بۆ ڕێژیمێکە کە دەیهەوێ گوشاری گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەری کەم ببێتەوە بەڵکوو هەناسەیەک بە جەستەی نیوە سڕی ئابوورییە داتەپیوەکەیدا بێتەوە. لە ڕاستیدا بوونی ڕەئیسی کە لە چەندین کەیسی تاوان دژ بە مرۆڤایەتیدا وەکوو بڕیاردەر دەستی هەبووە، دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئەگەرچی ئیدارەی بایدن و لایەنە ئورووپاییەکان دەڵێن وتووێژەکانیان لەگەڵ ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەردەوام دەبێت، بەڵام لایەنە دەرەکییەکانی ئەو دانوستانە لە بواری سیاسی و تەبلیغاتیییەوە تووشی ئاستەنگ و کێشە ببن و دەستیان بۆ سازان لەگەڵ ڕێژیمدا کەمتر لە جاران ئاوەڵا بێت و بە لەبەرچاوگرتنی گرینگی و بایەخی ئەم قۆناغەی ئێستا کە کۆماری ئیسلامی و لایەنەکانی وتووێژی دۆسیەی ناوکی هەوڵ بۆ بووژاندنەوەی بەرجام دەدەن، ئەوەش ئاستەنگێکی گەورەیە کە ئەگەری شکستی سیاسی دیپلۆماتیکی ڕێژیم لە داهاتووی نزیکدا زیاتر دەکات.

 ئیبراهیم ڕەئیسی کە بەڵێنیی پێکهێنانی دەوڵەتێکی ئینقلابیی داوە، چۆن ئێران بەڕێوە دەبات و داهاتووی ئێران بۆ ٤ ساڵی دیکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

لە ڕاستیدا وەک پێشتریش دەرکەوتووە و بەپێی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم، دیاریکردنی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیی ڕێژیم یەکێک لە دەسەڵاتەکانی ڕێبەرە و سەرکۆمار تەنیا جێبەجێکەری ئەو سیاسەتە دەبێ کە بەیتی ڕێبەری بۆی دیاری دەکات. ئەو جیاوازییانەش کە لە سیاسەتی سەرکۆمارە جۆراوجۆرەکاندا هەستی پێ دەکرێت، لە ڕاستیدا سەرچاوەگرتوو لە جیاوازیی تاکتیکەکانی ڕێبەر لە هەر قۆناغێکدایە کە بەپێی قۆناغەکان، سەرکۆمارێک دەستنیشان دەکا کە بە ڕواڵەت هەڵگری گوتاری گونجاو لەگەڵ ئەو قۆناغەیە. کەواتە پرسیاری دروست ئەوەیە کە ڕێبەر لەم قۆناغەدا دەیهەوێ چ بکات نەک سەرکۆمار. بەپێی ڕابردوو و تایبەتمەندییە کەسییەکانی ڕەئیسی و تێوەگلانی ڕاستەوخۆی بە زۆرێک لەو تاوانانەوە کە خامنەیی تێیدا تۆمەتباری سەرەکییە و هەروەها پشتیوانیی ڕەهای باڵی بناژۆخواز لە ناوبراو، دەتوانین بڵێین یەکێک لە سیاسەتە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغەی کە ئێستا ڕێژیم تێی کەوتووە، هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی سیاسەتی پاسیڤی بایدن و دێموکراتەکان لە ئەمریکا وەکوو هەل و دەرفەتێکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکان و دەستوەردانەکانیان لە ناوچەکەدا و بێ منەتبوونی هەرچی زیاتر لە ڕواڵەت و سیمای بەناو جمهوریەت و بەدەستهێنانی ڕەوایی نێودەوڵەتی بۆ سیاسەتەکانی دەبێت. لەو نێوانەدا دەبێ چاوەڕوان بین گوشارەکان بۆ سەر خەڵک زیاتر بن، قەیرانە جۆراوجۆرەکان زیاتر لە جاران لەسەر یەک کەڵەکە بن و ئابووریی ڕێژیم داتەپینی زیاتر بە خۆوە ببینێت.

چارەنووسی زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران کە ئەو هەڵبژاردنانەیان بایکۆت کردووە، چی لێ دێت؟

چارەنووسی خەڵک دەبێ خۆیان دیاری بکەن. ئایا دەیانهەوێ ئەو ستەم و سەرکوتانە بەردەوام بێ یان بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی دێموکراتیک خۆیان ڕێک دەخەن و تێچووی وەها خەباتێکی قورس، و بە دڵنیاییەوە خوێناوی، دەدەن بۆ ئەوەی کە خۆیان و نەوەکانی داهاتوویان لە ڕۆچوون لە نێو ئەو زەلکاوە خنکێنەرەدا ڕزگار بکەن. خەڵک بە بایکۆتی بەربڵاوی هەڵبژاردن، نیشانیان دا کە ئەو ڕێژیمەیان ناوێ. بەڵام ئەو هەڵویست و کردارە سیاسییە پڕ لە تووڕەیی و ناڕەزایەتییە دەبێ بە ڕێکخستنی تۆکمە و پلانداری سیاسی و کرداری سیاسیی ڕادیکاڵتر و ئامانجدارتر بەردەوام بێت. پێشتر وتمان کە لە کابینەی ڕەئیسی شتێک بێجگە لە قەیران و سەرکوت بۆ خەڵک چاوەڕوان ناکرێ، کەوابوو خەڵک دەزانێ لە ئەگەری بەردەوامی ئەو ڕێژیمە و ئەو کابینەیەدا چ چارەنووسێکیان دەبێ و لێرەدایە کە ئەرکی خەڵک و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی ڕێژیم بۆ ڕزگاربوون لەو مۆتەکەیە زیاتر دەردەکەوێت.

ئایا لە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا شایەتی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا دەبین؟

ئەگەر لە داهاتوودا ئاڵوگۆڕێک لە پێکهاتە و فۆرماسیۆنی ڕێژیمدا پێک بێت، ئەوە ئاکامی بەرژەوەندی و پلان و ستراتژیی کەلانی ڕێژیم دەبێ کە سەرکۆمار ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی تێدا ناگێڕێ و ئەگەر ڕۆڵێکیشی هەبێت ئەوە لە سەرەوە بۆی دیاری دەکرێ. بۆ نموونە خامنەیی پێشتر نەیشاردۆتەوە کە دوور نیە لە داهاتوودا پۆستی سەرکۆمار لە چارتی ساختاریی ڕێژیم بسڕێتەوە یا کەمڕەنگ بکرێتەوە. دیارە دۆخی تەندروستیی خامنەییش دەتوانێ لەو نێوانەدا شوێندانەر بێت. بۆ نموونە لە ئەگەری مردنی خامنەییدا باس لە دیکتاتۆریی سەربازیی سپای پاسداران وەکوو جێگرەوەی سیستمی ویلایەتی فەقیه دەکرێ کە لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیە باس لە نموونەی دیکتاتۆرییەکی سێکۆلاری وەک ڕەزا خان و ئاتاتورک وەکوو سەرچەشنی سیستمی داهاتوو دەکەن کە کێشەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا چارەسەر بکات بەڵام لە نێوخۆدا هیچ کرانەوەیەک بە ڕووی خەڵک و بەتایبەتی نەتەوە ستەملێکراوەکاندا نەیەتە ئاراوە. بەو پێیە لە هیچ یەک لەو چەند سێناریۆیەدا مافەکانی خەڵک و دۆخی ژیانی خەڵک لە بەرچاو نەگیراوە، بەڵکوو تەنیا وەکوو هەوڵێک بۆ ڕزگارکردنی ڕێژیم لە مەترسیی هەڵوەشانەوە و ڕووخان و هێرشی دەرەکی دەبێ چاویان لێ بکرێ، هەر بۆیە ئاڵوگۆڕە ڕاستەقینەکە دەبێ لە لایەن خەڵک و ئازادیخوازنی وڵاتەوە بێت و خەڵک نابێ بناغەی هیوا لەسەر ئەو ئاڵوگۆڕانە هەڵچنن کە لە لایەن خودی ڕیژیمەوە پێک دێن.

هاتنە سەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی چ کاریگەرییەکی لەسەر پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەبێ؟

وەک باسمان کرد، هاتنە سەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی بەرهەمی تاکتیکی سیاسیی نوێی ڕێژیمە بۆ قۆستنەوەی لاوازیی هەڵوێستەکانی دەسەڵاتدارانی دێموکراتی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بۆ پەرەپێدان بە کاولکارییەکانیان لە نێوخۆ و دەرەوە. پەرچەکرداری دنیای دەرەوە لە بەرانبەر ئەو سیاسەتەدا چ دەبێ؟ ئەوە ڕەنگە ببێتە دەرئەنجامی سیاسەتێک کە کابینەی ڕەئیسی نوێنەرایەتیی  دەکات و داخرانی زیاتر لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا و تەریککەوتوویی زیاتری ڕێژیمی لێ بکەوێتەوە. هەڵبەت تا ئەو جێگایەی کە پێوەندیی بە ئورووپاییەکانەوە هەیە، ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە پێش هەموو ئەولەویەتەکانیان لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی ئێراندایە. لێرەدا بۆ وڵاتانی ئورووپایی نە پرسی مووشەکی، نە دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا و نە پرسی مافی مرۆڤ هێندە جێگەی بایەخ نیە کە بیانکەنە پێشمەرج یا بەشێک لە ڕێککەوتنی بەرجام. بەڵام وڵاتانی دیکەی شوێندانەر لە جیهان و ناوچەدا وەک ئەمریکا، ئیسراییل و عەرەبستانی سعوودی ئاستی هەستیارییان بەرانبەر بە هێندێک لەو بابەتانە بەرزتر لە وڵاتانی ئورووپاییە و زەخت و گوشار دەخەنە سەر لایەنەکانی دانوستانی ناوکی. بۆ نموونە هەڕەشەی پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکی یا مووشەکی یا دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەدا لە لایەن ئیسراییل و وڵاتانی عەرەبییەوە زیاتر هەستی پێ دەکرێت و بۆیان زیاتر جێی نیگەرانییە. هەروەها لە خودی وڵاتانی ئورووپاییشدا بێجگە لە حکوومەتەکان و ئەحزابی دەسەڵاتدار، ئێمە لەگەڵ بیروڕایەکی گشتیی شوێندانەر و کۆمەڵێک ئەکتەری ناحکوومی و کۆمەڵگایەکی مەدەنیی بەهێز بەرەوڕووین کە کارکردن لەگەڵ ئەوانە بەتایبەتی بە زەقکردنەوەی ڕابردووی پڕتاوانی ڕەئیسی، دەتوانێ تێچووی پێوەندی و ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بۆ حکوومەتەکانی ئەو وڵاتانە بباتە سەرەوە.

هەڵسوکەوتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەگەڵ سەرکۆمارێک کە ناوی بە ئیعدامەکانی دەیەی ٦٠ گرێ دراوە، چۆن دەبێت؟

وڵاتانی ئورووپایی لە ڕابردوودا لە زۆر کەیسی تاوان و تیرۆر و سیخوڕی و قاچاخی چەکوچۆڵ و سپیکردنەوەی پارە بۆ کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵاتدا تێوە گلاون. واتە دەریان خستووە کە لە نەبوونی شەفافیەت و لە ژوورە داخراوەکانی سیاسەتدا نەک هەر لە هەموو تاوانێکی ڕێژیمەکانی وەک ئێران خۆش دەبن، بەڵکوو دەبنە یارمەتیدەر و هاوبەشی تاوانەکانی ئەو ڕێژیمانەش. بەڵام فاکتەرێک کە دەتوانێ ئەو هاوکێشەیە لە پاوانی ئەکتەرە حکوومییەکان دەربهێنێ، سەرمایەگوزاری لەسەر ئەکتەرە ناحکوومییەکانی ئەو وڵاتانە و ڕێکخستنی کەمپەینێکی جیهانیی بەربڵاو و بەهێز لە ڕێگەی لۆبیگەرییەوە بە مەبەستی لەقاودان و ڕیسواکردنی هەوڵەکان بۆ سازان لەگەڵ وەها ڕێژیمێکی مرۆڤکوژ و لەوەش گرینگتر نیشاندانی هێزی خەڵک و نەیارانی ڕێژیم لەسەر زەوی و لە مەیدانی کردەوەی سیاسیدایە. لە نموونەی دادگای میکۆنۆسدا بینیمان کە دادوەرێکی سەربەخۆ بە پێداگری لەسەر کەیسێکی تیرۆری کۆماری ئیسلامی توانیی کۆتایی بە یەک دەیە کوشتاری نەیارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئورووپادا بهێنێ و حکوومەتەکانی وڵاتانی ئورووپایی بخاتە دۆخێکەوە کە بۆ ماوەیەک پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ڕابگرن و باڵوێزەکانیان لەو وڵاتە بکشێننەوە و ڕێژیمی ئێران بۆ ڕزگاربوون لەو بنبەستە ناچار بوو گوتارێکی نوێ بە ناوی ئیسڵاحخوازی بهێنێتە ئاراوە، واتە پێداگریی دادگای ئاڵمان لەسەر کەیسی شەهیدانی میکۆنۆس، سەرەڕای هەموو گوشارەکانی حکوومەتی ئاڵمانیش، وای کرد کە ئورووپا و ئێران بۆ ماوەیەک ئاڵوگۆڕ بەسەر بەشێک لە سیاسەتەکانیاندا بێنن. ئەمڕۆ بە دەرکەوتنی ڕۆڵی بەهێزی سۆشیاڵ میدیا لە ڕێکخستنی کەمپەین و لەقاودانی پیلانە شاراوەکانی نێو ژوورە نهێنییەکانی دیپلۆماسیدا، توانای گەلان بۆ شوێندانەری لەسەر سیاسەتی کەلانی حکوومەتەکان زیاتر بووە و بە دڵنیاییەوە کارنامەی ڕەئیسی و ڕێژیمی ئێران پۆتانسیەلی ئەوەی هەیە کە خەڵکی ئێران بتوانن بە کارێکی پلاندار و هاوبەش، ڕێسەکەیان لێ بکەنوە بە خوری و کۆتایی بە مانگی هەنگوێنی دیپلۆماتیکی نێوان ڕێژیمی ئێران و ڕۆژئاوا بهێنن.