کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلام ئیسماعیل‌پوور: لاساری و یەکتر قبووڵ‌نەکردنی چالاکانی سیاسی و هێزە سیاسییەکانی کورد، خەڵک دڵسارد دەکاتەوە و خۆراکی تەبلیغی بۆ ڕێژیم ئامادە دەکات

18:30 - 15 رێبەندان 2720

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر جیا لە بێڕێزی بە فەرهەنگ و زمان و گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی، ڕەشبگیری و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە کوردستاندا هێرشێکی میدیایی بەربڵاوی بۆ سەر بزووتنەوەی کورد و ڕێبەرانی کورد دەست پێکردووە.

ئەم بابەتەمان لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەڕێز''سەلام ئیسماعیل‌پوور'' کادری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خستووەتە بەرباس کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشن.

-ئایا بێڕێزی بە فەرهەنگ و کولتوری کورد لە میدیاکانی ڕێژیمی ئێران و دروستکردنی دێکیۆمێنت لە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و هاوکات لەگەڵ ئەو دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە، لە یەک ئاراستەدان؟

بێگومان ئەو ڕەوتەی کە ئێستا لە هەر دوو بواری ئاژیتاسیۆنی سیاسیی میدیایی و سەرکوت و ڕەشبگیری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت، هەوڵێکی سیستماتیکە لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ نیشاندانی هێزی خۆی و تۆقاندنی خەڵک لەلایەک و چەواشەکردنی بیروڕای گشتی دژ بە جەوهەر و ئامانجە ڕەواکانی بزووتنەوەی کورد لەلایەکی دیکەوە کاری بۆ دەکرێت. ئەوە سیاسەتێکە کە بە درێژایی تەمەنی ڕێژیم هەر کاتێک کە لە ئاستی دەرەوەدا تووشی لاوازی و بنبەست بووە، لە نێوخۆدا لەبەر نەبوونی پلانێک بۆ باشترکردنی دۆخی خەڵک، بە گوشار بۆ سەر خەڵک و زیاترکردنی خەفەقانی سیاسی قەرەبووی کردۆتەوە. چونکە شکستی سیاسەتی دەرەوە هەمیشە کاریگەری لەسەر بارودۆخی نێوخۆ دادەنێت. ڕێژیمیش کە لە سەرهەڵدانی خەڵک دەترسێ و لە پێگەی کوردستان و کورد وەکوو هێما و سەنگەر و پێشەنگی ڕاپەڕین و ئازادیخوازی لە بیروڕای گشتیی گەلانی دیکەی ئێراندا تێگەیشتووە، بۆیە هەوڵ دەدا بە سەرکوت لە کوردستان و شێواندنی سیمای بزووتنەوە ڕەواکەی، پێش بە شەپۆلی شۆڕش و سەرهەڵدانی گەلانی ئێران و کوردستان بگرێت.

ڕێژیمی ئێران بەو جۆرە ئاکارانە بەتایبەت لە نێو بەرەی تازەپێگەیشتوو لە کوردستان هەتا چەندە دەتوانێت ئامانجی خۆی بپێکێت؟

دیارە ئەو هەوڵانەی ڕێژیم لە کوردستان تازە نییە و ئەزموونێکە کە دەیان ساڵ تاقی کراوەتەوە و ئاکامەکەی هەتا ئیستاش تەنیا ئەوە بووە کە سیما و ناسنامەی ڕێژیم لە کوردستاندا تەنیا هێزی سەرکوت و داگیرکارییە، واتە دەسەڵاتی ڕێژیم لە کوردستان پاش ئەو هەموو ساڵە نەک هەر بۆ خەڵک ئاسایی و نۆرماڵیزە نەکراوە، بەڵکوو زیاتر لە جاران وەکوو دێوەزمە و وەیشوومەیەکی بێزراوی خۆسەپێن چاوی لێ دەکرێت. ئەو کوشتن و گرتنە بەربڵاوانە و ئەوەی کە بە لێشاو هێرشی تەبلیغی و ئاژیتاسیۆن دژی ئەحزابێک بەڕێوە دەبات کە بەرەدوام دەڵێ هەڵوەشاونەتەوە و پێگەیان لە نێو خەڵکدا نییە، دەرخەری ئەوەیە کە ئەو سیاسەتە تا ئێستا نەیتوانیوە و لە داهاتووشدا ناتوانێ سەرکەوتوو بێت. 

ڕێژیمی ئێران ساڵهایە هەوڵ دەدات کەلێن و دووبەرەکی بخاتە نێوان خەڵکی کورد و حیزبەکان ڕۆژهەڵات، باشترین هەنگاو لەلایەن خەڵک و حیزبەکان بۆ بەرەنگاریی دژی ئەو هەوڵانەی ڕێژیم چییە؟

خودی ئەوەیکە لە پرسیارەکەشدا هاتووە و دەڵێن دەیانهەوێ کەلێن بخەنە نێو خەڵک و حیزبەکان، نیشان دەدات کە ڕێژیم بۆ خۆی لەوە ئاگادارە کە خەڵک و حیزبەکان بە شێوەی سروشتی لێک جیا نین؛ بە واتایەکی دیکە حیزبەکان ڕێوشوێن و میکانیزمێکن کە کۆمەڵگای کوردستان بۆ گەڕان بە دوای چارەسەردا دیارییان کردوون. واتە حیزبەکان ڕاسپێردراوی ئەو کۆمەڵگایەن بۆ بەدواداچوونی پرسە جۆراوجۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کە گرینگترینیان پرسی نەتەوەیی و بابەتەکانی وەک دێموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و بەها سێکۆلارە ئەمڕۆییەکانە. حیزبەکان دەبێ لە داڕشتنی ستراتیژی و هەموو پلان و تاکتیک و پراکتیکی سیاسیی خۆیاندا ئەو ئەرکە پێئەسپێردراوەیان سات بە سات لە بەرچاو بێت. دەبێ سیمایەک لە ڕیزەکانی نێو خۆیان پیشانی خەڵک بدەن کە بۆ خەڵکی کوردستان خەون و ئاوات و سەرمەشقی ژیانێکی سەربەرزانە و دڵخواز و تەژی لە کەرامەت بێت. لاساری و یەکتر قبووڵ نەکردنی چالاکانی سیاسی و هێزە سیاسییە ڕەسەنەکانی بزووتنەوەی کورد، خەڵک دڵسارد دەکاتەوە و خۆراکی تەبلیغی بۆ ڕێژیم ئامادە دەکات. ئەگەر حیزبەکان بە هەڵسوکەوت و سیاسەتی خۆیان بتوانن خەڵک تێبگەیەنن کە خەباتی ئەوان هەڵگری وەڵامی شیاو بۆ هەموو پرسیارەکانی ئەوانە، خەڵک ناکەونە ژێر کاریگەریی تەبلیغاتی داگیرکەر.