کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلەفییە جیهادییەکان لە مەهاباد، بۆکان و سنە هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک

12:14 - 4 جۆزەردان 2721

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سەلەفییە جیهادییەکان لە شارەکانی کوردستان لەوانە مەهاباد، بۆکان و سنە هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک و برینداریان دەکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانە کە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، سەلەفییە جیهادییەکان لە مەهاباد و بۆکان بە سەرپەرەستیی ئەندامێکی سپای تێرۆریستیی پاسداران بە ناوی "سالار مەحموودی" لەدایکبووی شاری نەغەدە و دانیشتووی شاری مەهاباد ئاژاوە و ئاڵۆزی دروست دەکەن.

ئەو پاسدارە تێرۆریستەی ڕێژیم دەستی لە هەڵخڕاندنی سەلەفییە جیهادییەکان بۆ سەر خەڵک لە مەریوان و سنەشدا هەبووه.

هەروەها ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردان، لە گەڕەکی "حاجیاوا"ی سنە لەنێوان سەلەفییە جیهادییەکان و خەڵکی ئاسایی شەڕ دروست بووە.

لەو شەڕەدا سەلەفییە جیهادییەکان بریندار بوون و کاتێکیش چوونەتە نەخۆشخانە هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک و دواتر هێزە ئینتزامی و ئیتلاعاتییەکان تەقەیان لە خەڵک کردووە.

دوای ئەو ڕووداوە کەشی ئەو گەڕەکە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە میلیتاریزە کراوە.