کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەندووقی بیمەی کشاوەرزی ناتوانێت قەرەبووی خەسارەتەکان بکاتەوە

13:11 - 19 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ قەرەبووی خەسارەکانی لافاو لە بەشی کشاوەرزی، دانی بەوە داناوە، کە سەندووقی بیمە کشاوەرزی بوودجەی نییە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی خەسارەکان لە بەشی کشاوەرزیدا کۆبوونەوەیان گرتووە، کە دەبێت قەرەبووی زیانەکان لەو بەشەدا بکەنەوە، بەڵام نوێنەرێکی ڕێژیم لە مەجلیسدا باسی لەوە کردووە: کە بەشی کشاوەرزی ناتوانێت قەرەبووی زیانی وەرزێڕان بکاتەوە چونکە هیچ  بوودجەیەکی نییه.

بە هۆی هاتنی لافاو بەشێکی بەرچاو لە زەویییە کشتوکاڵییەکان تووشی خەسار بوون، کە بڕی ئەو خەسارەتە ٦ هەزار و ١٦٦ میلیارد تمەن مەزندە کراوە.

بە هۆی ئەو لافاوە، ٤٦.٣ لەسەد بەشی کشاوەرزی، ١٢.٢ لەسەد بەشی باخداری، ١٩ لەسەد بەشی ئاژەڵ و پەلەوەر و ٢٢.٥ لەسەد بەشی ئاو و خاک زیانیان پێ گەیشتووە.

٤ پارێزگای لوڕستان، گوڵستان، خووزستان و مازەندەران، زیاترین خەساریان لە بەشی کشاوەرزیدا بەر کەوتووە.

لە دوای هاتنی لافاوەکان لە کوردستان و ئێراندا، خەسارێکی زۆری ماددی بەر هاووڵاتییان کەوت، کە هیچ لایەنێکی ڕێژیم وڵامدەری ویست و داخوازییەکانی خەڵک نییە.