کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەنعەتکارانی شاری سنە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

11:46 - 26 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەنعەتکارانی شاری سنە، بە هۆی گوشاری مۆرەکانی ڕێژیم ماوەی دوو ڕۆژە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژەکانی ۲٤ و ۲٥ی بانەمەڕ، سەنعەتکارانی شاری سنە، بە هۆی گوشاری لەڕادەبەدەری مۆرە دەسنیشانکراوەکانی ڕێژیم بۆ سەر ئەم چینە زەحمەتکێشە لە شاری سنە، لە بەردەم یەکیەتیی سەنعەتکارانی سنەدا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری سنە، لەم پێوەندییەدا باسی لەوە کرد کە گوشارەکانی سەر چینی سەنعەتکاری شاری سنە بەردەوام هەر بووە، بەڵام پاش هاتنە سەرکاری "سەید مەهدی تەخت فیرووزە" و "شاکر سەڵواتی" کە دوو مۆرە و بەکرێگیراوی ڕێژیمن، گوشارەکان چەند قات بوونەتەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەم گوشارانە بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی کاری سەنعەتکاران دێتە ئاراوە، کە بەم بۆنەوە یان دووکانی سەنعەتکاران دادەخرێت یان ئەوەی کە ڕێگا بە چوونەپێشی کاروباریان دەگرن."

لە وڵاتانی پێشکەوتوو، سەنعەتکاران باشترین پێداویستی و کەرەستە و هەروەها شوێنی کاریان بۆ دابین دەکرێت؛ بۆ ئەوەی بەشی سەنعەت و پیشەی وڵاتەکانیان گەشە بکات، بەڵام لە ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی سەنعەتکاران نەک هیچ شتێکیان بۆ دابین ناکرێت، بەڵکوو لە لایەن مۆرەکانی سەر بە ڕێژیمەوە لەسەر ڕێی بەرەوپێشچوونیشیان لەمپەر دروست دەکرێت.