کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەنعەتی کرماشان بەرەو داخرانی گشتی دەچێت

12:33 - 13 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سەنعەت، کارگە و کارخانە بەرهەمهێنەرەکانی کرماشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بەرەکەتی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێراندا بەگشتی ڕوویان لە داخرانە.

بە هۆی نەبوونی بەرنامەی تۆکمە و دۆخی شپرزی ئابوووریی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کارگە و کارخانەکان لە ئێراندا بەرەو داخران و مایەپووچبوون دەڕۆن و کرێکارانیش بێکار دەبن.

سەرۆکی ژووری کانگای پارێزگای کرماشان باسی لەوە کردووە، نزیک ١/٣ کانگاکانی قیری سروشتی لەو پارێزگایە داخراون و هیچ بەرهەمێکیان نییه.

"محەممەدعارف ئیبراهیمی" وتوویەتی: "٣٣ کانگای قیری سروشتی لە پارێزگای کرماشان، کە مۆڵەتی بەهرەبەرییان هەیە، ٢٣ کانگا بەگشتی داخراون و تەنیا ١٠ کانگا تا ڕادەیەک کاریان هەیە".

هۆکاری داخرانی ئەو کانگایانەی کرماشان، بۆ بەرزبوونەوەی یەکجێ و لەڕادەبەدەری نرخی قیری پاڵاوتگەکان دەگەڕێتەوە.

هاوکات بە هۆی بەرزبوونەوەی ئەو نرخە، شوێنەکانی فرۆشتنی ئیزووگام ناتوانن ئەو ماددەیە دابین بکەن و داخراون.

بەرپرسانی ڕێژیم دەڵێن: "بەداخەوە هیچ باڵانسێک لە نێوان قیری پاڵاوتگە و کانگاکاندا نییە. ئەگەر جاران نرخی قیری کانگا ١/٣ نرخی قیری پاڵاوتگە بوو، ئیستا بووەتە ١/١٠، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تێچووی لاوەکیش زیادی کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا، "جەهانبەخش شوکری" سەرۆکی ژووری پیشە و کانگای کرماشان باسی لەوە کردووە، لە سەرجەمی ١٢٠٠ یەکەی سەنعەتی، ٤٥٠ یەکەیان داخراون.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی وتوویەتی: بەرپرسانی حکوومەت دەبێ لە بیری کار و ڕەخساندنی هەلی کاردا بن، چونکە ئەوە قەبووڵ ناکرێت.

پارێزگای کرماشان یەکەمین پارێزگای بێکار لە ئاستی ئێرانە و داخرانی کارگە و کارخانەکانیشی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دادەخرێن.