کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەوڵاوا و هەورامان شارەداریان نییە

13:42 - 11 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەگەرچی لەگەڵ کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری بەرەوڕوون، ئێستاکە شارەداریشیان نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ، هەتا ئێستا شاری سەوڵاوا و هەورامانی تەخت، شارەداریان نییە و بە سەرپەرەست ئیدارە دەکرێن.

دیاری نەکردنی شارەداری لە لایەن ڕێژیمەوە، بۆ مەبەستی دیاریکراوە، هەتا ڕێژیم مۆرەی خۆی لەو شوێنانەی خۆی دابمەزرێنێت.

 شارستانی سەوڵاوا دوو شارەداریی هەیە کە دوای ٩ مانگ هەتا ئێستا شارەداریان نییە.

 شارستانی سەوڵاوا لەگەڵ کێشەی نەبوونی فەزای سەوز، نەبوونی پارکی گونجاو و قەرز بەرەوڕوویە.

نەبوونی بودجە، بەڕێوەنەبردنی بەخشنامەکان، جێبەجێ نەکردنی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و نەدانی مووچەی فەرمانبەران لە ژمارەیەکی زۆر لە ئۆرگانەکانی ڕێژیم، بەردەوام ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

کارامەیی سەرجەم شارەدارییەکان لە سەرتاسەری ئێران، بەتایبەتی شارە کوردنشینەکاندا، بۆ ئاستێکی نزم دابەزیون و لە ماوەی ڕابردوودا، بەهۆی وەدواکەوتنی مووچە، کرێکاران و فەرمانبەرانی شارەدارییەکانی دێهلۆڕان، مەریوان و دێولان، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و دەستیان دابووە مانگرتن.