کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی دووبارەی حوکمی ئێعدامی هیدایت عەبدوڵاپوور بە بڕیاری حیفازت ئیتلاعاتی سپا بووە

15:56 - 9 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: یەکێک لە نیزیکانی زیندانی سیاسی مەحکووم بە ئێعدام هیدایەت عەبدوڵاپوور ڕایگەیاندووە: بڕیاری دادگا بە گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕیژیم بووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا سەبارەت بە وردەکارییەکانی سەپاندنی ئەم حوکمە بەسەر هیدایەت عەبدوڵانژاد، لەگەڵ یەکێک لە نزیکانی ناوبراو وتووێژێکی ئەنجام داوە.

ئەم کەسە کە بەهۆکاری ئەمنیەتییەوە ،شوناسی ڕانەگەیەندراوە بە ئاژانسی کوردپای گوتووە: پاش ئەوەیکە حوکمی ئیعدامی هیدایەت عەبدوڵاپوور لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و نێردرایەوە بۆ دادگای ورمێ، هیدایەت عەبدوڵاپوور لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا و بۆ دووهەمین جار لە سەر داوای حیفازەت ئیتلاعات، حوکمی ئێعدام بە سەردا سەپا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: پارێزەری دۆسیەی ئەو زیندانییە کوردە، بە ناوی نەجەفی بە بنەماڵەی عەبدوڵاپووری ڕاگەیاندووە، کە لێرە یاسا سەروەر نییە و ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی زاڵ بە سەر یاسان و بڕینەوەی حوکمی ئێعدام بە سەر کوڕەکەیان، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری ورمێ بووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە یەکەم دادگایی کردنیدا، بە سەرۆکایەتی شێخلوو و لە دادگایی کردنی دووبارە بە سەرۆکایەتی دوو دادوەر بە ناوەکانی سەعید ئەحمەدی و قازی قازی زادە بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

ناوبراو دەڵێت: عەبدوڵاپوور لە یەکەم دادگاییە چەند خولەکییەکەیدا، بە ئێعدام مەحکووم و لە رەوتی لێکۆڵینەوەکان لە بوونی پارێزەر بێبەری بووە.

ناوبراو دەڵێت: بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، بە دەرکردنی ئەو حوکمە نارەزایەتییان دەبڕیووە و لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێش مافی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بەو حوکمە بەرچاو دەکەوێت.

ناوبراو لە کۆتاییدا بە ڕەت کردنەوەی ئەو تۆمەتانە بەو زیندانییە سیاسییە کوردە دراوە، بە کوردپای ڕاگەیاندووە: هیدایەت عەبدوڵاپوور هیچ کات هەوڵی چەکدارانەی دژی حکوومەتی ئێران ئەنجام نەداوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان، بۆ دانپێدانانی زۆرەملی و تاوانی دروست کراو، ناوبراویان بۆ ماوەی ١٣٥ ڕۆژ لە گرتووخانەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری ورمێ ڕاگرتووە و ئازار و ئەشکەنجەی ئەو زیندانییە کوردەیان داوە.

بەوتەی ناوبراو، شوێنی لێدان و ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە سەر جەستەی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت.