کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەڕەرای دۆخی خراپی ئابووری، ڕێژیمی ئێران سازکردنی زیارتگەکان لە عێراق و سووریە درێژە پێ دەدات

13:54 - 15 پووشپەڕ 2720

لە دۆخی ئێستادا کە ئابووریی ئێران لە وێرانیدایە و خەڵک لە دۆخێکی پڕ لە نەهامەتی و چارەڕەشی ژیان بەسەر دەبەن، ڕێژیمی ئێران بە شانازییەوە ڕادەگەیەنێت کە لە کاتی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا نۆژەنکردنەوەی زیارەتگەکانی لە عێراق درێژە پێداوە.

''محەممەد جەلال ماب'' بەرپرسی ستادی "بازسازیی عەتەباتی عالیاتـ''ـی ڕێژیم، ڕاگەیاندووە کە سەرەڕای قەیرانی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە عێراق، ڕەوتی سازکردنی پرۆژەی زیارتگەی "ئیمام حوسین'' لە کەربەلا هەر درێژەی هەبووە.

ناوبراو وتوویەتی کە ستادی نۆژەنکردنەوەی "عەتەباتی عالیات" لە دیمشق دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە و گۆڕەپانی زیارتگەی "حەزرەتی زێنەب" بەرفراونتر دەکات.

تێچووی سازکردنی زیارتگەی "ئیمام حوسێن" لە کەربەلا لە هەر میتری چوارگۆشەدا ٤ و نیو ملیۆن تمەن بەراورد کراوە و بەم پێیە سازکردنی ئەم زیارتگەیە ٧٥٦ میلیارد تمەن هەڵدەگرێت.

ڕۆژانە دەیان کەس لە خەڵکی ئێران بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە دەبنە قوربانی و بە هەزارانیش تووش دەبن و زۆرێک لە نەخۆشخانەکان لەگەڵ کەمیی کەرەستەی پزیشکی و دەوا و دەرمان بەرەوڕوون، لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ ئاوڕێک بەو دۆخە نادرێتەوە و ڕێژیم سەروەت و سامانی ئەو خەڵکە لە ڕاستای بەڕێوەبردنی ئامانجە ئیدئۆلۆژییەکانی خەرج دەکات.

ئەوە لە حاڵێکدا کە ڕێژیمی ئێران هیچ گرینگییەک بە دۆخی ژیانی خەڵکی ئێران نادات، بەڵکوو بە بڵاوکردنەوەی  فیشی یەک هەزاری و ٢ هەزار تمەنی بە بیانووی نۆژەنکردنەوەی زیارتگەکان لە سووریە و شارەکانی موسڵ و نەجەف لە عێراق، لەنێو خەڵکی هەژاری ئێراندا بڵاو دەکاتەوە و پارە لە خەڵک دەستێنێت.