کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەیدزادە "حەلیمە نووری" دایکی دوو شەهیدی کوردستان کۆچی دوایی کرد

12:09 - 25 جۆزەردان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان سەیدزادە "حەلیمە نووری" دایکی شەهیدان "مستەفا و بایزید بایزیدی" لە گوندی "چەپەراوێ" سەر بە شاری "شنۆ"، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو ژنێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو و دوو کوڕی لە ڕێگای ئازادیی کوردستاندا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوونە.

تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

شەهید "بایزید بایزیدی"  ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە گوندی "چەپەراوێ" لەدایک بووە. ناوبراو لە تەمەنی لاوەتیدا پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بووە و ئەرکی پێشمەرگایەتیی خۆی بەباشی بەڕێوە بردووە.

ناوبراو بەهۆی لێوەشاوەییەوە توانی ببێتە سەرپەل و ئەرکی خۆی بەڕێوە ببات. سەرئەنجام شەهید "بایزید" ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٦٨ی هەتاوی لە شەڕ و دەرگیرییەک دژی داگیرکەرانی کوردستان لە "دزەی مەرگەوەڕ" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. گڵکۆی ناوبراو لە گوندی "چەپەراوێـ"ـیه.

هاوکات کوڕێکی دیکەی سەیدزادە "حەلیمە" بە ناوی شەهید "مستەفا بایزیدی" ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە گوندی "گورگاوێ" لەدایک بووە. شەهید "مستەفا" بەهۆی لێوەشاوەییەوە توانی ببێتە سەرپەل و ئەرکی پێشمەرگایەتیی خۆی بەڕێوە ببات. سەرئەنجام شەهید "مستەفا" ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٣٧٠ی هەتاوی لە هێرشی چەکدارانی تورکیە لە شوێنێک بە ناوی "دۆڵ گامێش" لە سنووری تورکیە تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. گڵکۆی ناوبراو لە شوێنێک بە ناوی "تاتی سیلانـ"ـه.

سەیدزادە "حەلیمە" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی کوڕەکانی وەفادار مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی سەیدزادە "حەلیمە''، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.