کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاخ و لێڕەوارەکانی کوردستان لە ئاگری کەمتەرخەمیدا دەسووتێن

12:55 - 12 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئاگرکەوتنەوە لە شارەکانی کوردستاندا بەردوامە و ڕێژەیەکی بەرچاو لە لێڕەوار و دارستانەکان، لە ئاگری کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ڕێژیمدا سووتاون و بوونەتە خۆڵەمێش.

بەپێی هەواڵ، وێنە و گرتە ڤیدیۆیە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئاگر لە زۆربەی شار و شوێنەکانی کوردستاندا، وەکوو: "گێڵانغەربی پارێزگای کرماشان، لێڕەوارەکانی شاری سەردەشت، زەوییەکانی گوندی کانی سێوی مەهاباد و هەروەها لێڕەوارەکانی مەریوان"، خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچانە گەیاندووە.

ئەوەی کە لەم گرتە ڤیدیۆیانەدا دەردەکەوێت، نەبوونی ناوەندەکانی ڕێژیم بۆ کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیە و خەڵک خۆیان خەریکی کوژاندنەوەی ئەم ئاگرانەن.

لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، لە کوژاندنەوەی ئاگرەکانی کوردستاندا، خەڵک و ئەنجومەنە ژینگەپارێزییە خەڵکییەکان زۆرترین ئەرکیان لەسەر شان بووە.

هاووڵاتییەک لە یەکێک لەم گرتە ڤیدیۆیانەدا باس لەوە دەکات کە هۆکاری سەرەکیی بەربڵاوبوونەوەی ئەم ئاگرانە، کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیمە.

بە وتەی ئەم هاووڵاتییە، دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان، لە ئاگری کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ڕێژیمدا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەسووتێن و لەنێو دەچن.