کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شادییەکانی خەڵک بەتوندی سەرکوت دەکرێن

12:55 - 18 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی هەڵپەڕکێ و شایی مامۆستایان و قوتابییانی قوتابخانەیەکی شاری مەهاباد، کاردانەوەی توندی ڕێژیمی لێکەوتەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی هەڵپەڕکێی کوردیی قوتابییان و مامۆستایانی قوتابخانەیەک لە شاری مەهاباددا، کاردانەوەی توندی بەرپرسانی ڕێژیمی لە پاریزگای ورمێدا بەدوای خۆیدا هێنا.

ڕۆژی هەینی، ١٦ی جۆزەردان، "هادی بەهادۆری"، نوێنەری پارێزگای ورمێ لە مەجلیسی ڕیژیمدا، بە  هەواڵدەرییەکی ڕێژیمی ڕاگەیاندووە: "کۆبوونەوەیەک سەبارەت بەو قوتابخانەیە گیراوە و بڕیار دراوە کە ئەو قوتابخانە "غەیرە ئینتفاعییە"، بەگشتی مۆڵەتی لێ وەربگیردرێتەوە و دابخرێت."

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧دا، بەتایبەت لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠دا، سروودگەلی سەردەمی شۆڕشی ئێران و سروودگەلی ئایینی لە ڕێوڕەسمە جیاوازەکاندا لە قوتابخانەکان بڵاو دەکرایەوە و تا ئێستا قوتابییان مافی هەڵپەڕکێیان لە قوتابخانەکاندا نەبووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڵپەرکێ لە قوتابخانەکانیان، بە "بێ ئەخلاقی" ناو بردووە و داواکاری ئەوەن کە لەگەڵ ئەم خۆشی دەربڕینانەدا ڕووبەڕوو ببنەوە.

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگاگەلی جیاوازەوە، خەڵکی ئەو وڵاتەی بەهۆی دەربڕینی خۆشییەکانیانەوە لۆمە کردووە و پێشی بە خۆشییەکانیان گرتووە و لەمبارەوە کەسانێکیشی دەستبەسەر کردووە.