کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شار سەرچاوەی تێکۆشان و پیشتوانی سەرەکی ڕاسانە

06:18 - 10 خەزەڵوەر 2718

نوسینی: ئەلبورز ڕۆئین تەن

پێشەکی

 ڕاسان ئەمڕۆ توانیویەتی ببێتە  فورموڵێکی گرنگ بۆ ڕزگاری، ئەوەی کە توانیویەتی جیاوزی ڕاسان و فورموڵ بوونی بۆ سەردەمی ئێستا دەربخات هەبوونی گوتارێکی گشتگیرە بۆ خەبات، کە پێشمەرگە بەشێک یا لایەنێکی ئەو خەباتەیە لایەنەکەی دیکەی لە ژێر ناوی خەباتی شار خۆی دەردەخات. سەرخستنی ڕاسانیش لە گرەوی بەهێزکردنی خەباتی شارو لێک گرێدانی لە گەڵ خەباتی شاخە. لەو سۆنگەیەوە شی کردنەوەی خەباتی شارو گرینگی پێدانی لە ڕووی کردەوەی وەک پێویستیەکی حاشا هەڵنەگر هەژمار دەکرێت. لە هەمان کات دا ئەو شرۆڤەیە دەبێ ببرێتە نێو خەڵک تا لە ئەنجام دانی هەر چالاکیەک دا وێڕای دڵنیایی خۆی بە بەشێک لە خەباتێکی گشتگیر بزانێت. خۆ بە بەشێک زانین لە خەباتێک بەناوی ڕاسان لە لایەن خەڵکەوە دەبێتە هۆکاری پەرە پێدانی ئەو بیرۆکەیە کە جێگرەوەی حکومەتی ناڕەوا داگیرکەرهەبوونێکی بەهێزی هەیە. لەو نوسینەدا ئاماژە بە گرینگی شار و شروڤەیەک بۆئەو ڕەهەندە لە خەبات و چونیەتی پەرەپێدانی وەک کۆڵەکەی سەرەکی سەرکەوتنی ڕاسان دەکەین، هەروەها لە خۆ گرتنی لایەنێکی وەها گرنگیش لە چوارچێوەی ڕاسان خۆی سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ڕاسان شۆڕشێکی سەردەمیانەی دۆخی کوردە لە ڕۆژهەڵات کە وەک هێزێکی شوێن دانەر دەتوانێ گەل بەرەو سەرکەوتن ببات.

 شار 

 شار وەک شوێنی ژیانی حەشیمەتێکی زۆر لە خەڵک کە تێیدا نیشتەجێە. هەروەها بە ناوەندی حکومڕانی هەژمار دەکرێت. کە باس لە حکومڕانی دەکرێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی سیاسەت و شار دەردەکەوێت "شار هەمیشە لە گەڵ چەمکی سیاسەت لە پەیوەندی دا بووە. پێداچونەوە بە وشە ناسی!؟ شار لە زمانەکانی جیاواز ئەو ڕاستیە نیشان دەدات کە هەموو وشەکانی کە بۆ ووتنی شار بە کار دەهێنرێت بە جۆرێک جەخت لە ڕێکخستن، شارستانیەت، حکومەت و لە سەرتر بوونی چینێک یا توێژێکی کۆمەڵگا دەکات. لە لایەکی دیکەوە وشەی سیاسەت politics لە وشەی یۆنانی پۆلیس polis بە واتای شارە. لە ڕاستی دا واتای سیاسەت لە یۆنانی دا زانستی شارە و لەو ڕووەوە هەندێک لە زانایان ناوی زانستی شاریش لە سیاسەتیان داناوە."١ 

بێ گومان بەو پێناسە و تێکەڵاوی شار و سیاسەت گرینگی ئەو ناوەندە لە خەباتی ئێمەی کورد دا زیاتر دەردەخات. تەنانەت نیشان دەدات کە شاڕەگی خەباتی ئێمە لە خرۆشانی شار دایە. 

کاتێک سەیری ئاماری شار نیشینی لە ئێران دەکەین گرینگی ئەو بابەتە زیاتر خۆی دەردەخات "ڕێژەی شار نشینی لە وڵات دا ٧٤% ە کە ئەو ژمارەیە لە ساڵی ١٣٩٠ ٧١.٤% بوو."٢ بەو ئامارە و پێناسەیە دەردەکەوێ کە شۆڕشێک بە هەبوون و خرۆشانی شار ئاسانتر سەردەکەوێ و تێچووی کەمتری دەبێت چونکە خەباتی شار دڵی حکومڕانی ناڕەوا ئامانج دەگرێت. 

نەک تەنیا سیاسەت و حکومڕانی بەڵکوو شار پەیوەندی ڕاستەوخۆی لە گەڵ هەموو بوارەکانی ژیان و زانستی مرۆڤی هەیە  "ئەگەر بۆ زانستی کۆمەڵناسی پرسی سەرەکی خوێندنەوەی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی تاکەکان لە فەزای جیاواز بێت ئەوا شار شوێنی ئەو ڕەفتارانە لە ڕەهەندی جیاواز بۆ گروپەکانی کۆمەڵایەتیە."٣

بە هەمان شێوە لە ڕووی ئابووری و حەشیمەت و زۆر بابەتی تر شار بە ناوەندێکی گرینگ هەژمار دەکرێت. ئەگەر ئێمە بمانهەوێ شۆڕشێک بەڕێوە ببەین پێویستیمان بەوە هەیە کە ناوەندێکی وا گرینگ بکەینە چەقی خەباتمان کە چەقی زۆربەی کایەکانی ژیانە، چونکە شۆڕشمان ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەموو ئەو باباتانەوە هەیە. بۆ نمونە ئەگەر بارودۆخی ئابووری دەبێتە هۆی ناڕەزایەتیەکان شارەکان دەبنە چەقی دەرکەوتنی ئەو ناڕەزایەتیانە ئەوکات خەباتی شار گرینگی خۆی دەردەخات پێشکەوتووی ڕاسان بۆ هەڵگرتنی ئەو دروشمە و کار کردنی بەکردەیی بۆ ئەو خەباتە خۆی دەردەخات.

 گرینگی شار لە بە جەماوەرکردنی خەبات

 یەکێک لە بنەمایترین هۆکاری سەرکەوتنی هەر شۆڕشێک بە جەماوەری کردنیەتی واتە سەرکەوتنی بەستراوەتەوە بەوەی چەندە دەتوانین  ئەو شۆڕشە و ئامانجەکانی ببەینە نێو خەڵک. ئەو بابەتە بۆ ئەو هێزانەی کە هێزی سەرەکی خۆیان لە خەڵک وەردەگرن و شۆڕش بەڕێوەدەبەن گرینگیەکی زۆرتری هەیە.  دوژمنیش بۆ رێگە گرتن لەو بابەتە زۆر هەوڵدەدات بۆ ئەوەی پێشی بە جەماوەری کردنی شۆڕش بگرێت. تەنانەت ئەو تێچوە زۆرەی کە بۆ چەواشە کردنی ڕاستیەکان سەبارەت بە حیزبی دێموکرات بە کار دێنێت بە مەبەستی کەم کردنەوەی پێگەی حیزب لە نێو خەڵکە، تا لەو ڕێگەیەوە ڕێگری بکات لە بە جەماوەر کردنی خەبات. مەترسیەکی دیکە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و وێبسایتەکان وەک ئامرازی سەردەم لە لایەن دوژمن بۆ ئەو مەبەستەیە.

ڕاسان لە کاتێکی وەها دا کە دوژمن بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بەردەوامی ستەم وچەواشەکاری دەدا، دروشمی خەباتی شار و شاخی ڕاگەیاند. خەباتێکی فرە ڕەهەند کە بتوانێ جارێکی تر شۆڕش بباتەوە نێو خەڵک. لە لایەکی دیکەوە پوچەڵ کردنەوەی هەموو هەوڵەکانی دوژمن بوو لە مەڕ شۆڕش و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات، چونکە لە کاتێک دا دوژمن بە پیلانی زۆر ڕێگری دەکرد لە بە جەماوەری کردنی خەبات، ڕاسان فەلسەفەی دابەش کردنی ئەرکی شۆڕش بە سەر هەموان دا کردی بە بەرنامەی خۆی، بە هەمان شێوە کە پێشمەرگە قارەمانەتی دەنوێنێ دەبێ خەڵکیش شار بخرۆشێنێ تا هەموو دەست لە ناو دەستی یەکتر خەبات بەرەو سەرکەوتن ببات. بۆ بابەتێکی وەها بە جەماوەری کردنی خەبات بنەمایەکە و بۆ بە جەماوەری کردنی خەباتیش پێویستە ناوەندێکی گرینگی ژیان و حەشیمەت وەک شار بکرێتە چەقی خەبات بۆ ئەوەی ئامانجی خۆی بپێکێت. گرینگی پێدانی ڕاسان بە خەباتی شاریش لەو چوارچێوەیە دایە.

شار وێڕای حەشیمەتی زۆر کە بنەمای بە جەماوەی کردنی خەباتە، ناوەندی حکومڕانی ناڕەوای دوژمنیشە هەر بۆیەش خرۆشان لە شار دا گورز وەشاندنە لە دڵی دوژمن کە دەتوانێ بە تێچویەکی کەمتر کە ئامانجی ڕاسانە، گەل بەرەو سەرکەوتنی زیاتر ببات.

بەڵام ئەوەی چۆن ئەو ڕەهەندە لە خەبات بەرەو پێش دەڕوات چەند بابەتی سەرەکی هەن کە دەبێ بە هەموو شێوەیەک لە بەر چاو بگیرێت، بە گشتی لەو خالانەدا کورت دەکرینەوە.

_ پێداچونەوەیەک بە کاری ڕێکخستن لە شارەکان دا بە مەبەستی ڕێکخستن بە گوێرەی تایبەتمەندی شار.

_ پەیوەندی گرتن بە هەموو ئەو ڕێکخراوە ناحکومیانەی کە کاریگەری ڕێژیمیان لە سەر نیە و لە بواری جیاواز دا کار دەکەن، بە مەبەستی هەماهەنگی لە کاتی پێویست.

_ دابەش کردنی ڕێکخستنی شارەکان بە گوێرەی پیشەییەکان و تایبەتمەندی پیشەییەکان بۆ هاودەنگ بونیان لە کاتی پێویست کەڵک وەرگرتن بە شێوەی ڕێکخراوتر.

_ چالاک کردن و پەیوەندی گرتن بە بزووتنەوە خوێندکاریەکان چونکە زۆر جار زانکۆکان کە لە ناوەندی شار دان دەبنە ناوەند و داینەمۆی خەبات.

_ پشتیوانی کردن لە داوا پیشەییەکان و خستنە ڕووی داوا گشتیەکان لەو کاتەدا یا  دەرفەتی پێویست دا.

_ پەرەپێدان بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە مەبەستی کاریگەری لە سەر ڕای گشتی و ڕێکخستن لە کاتی پێویست دا، چونکە کەڵک وەرگرتن لەو ئامرازانە دەرفەتێکن کە بۆ شۆڕش دەتوانێ سودی زۆریان لێ وەربگیرێت کە تێچویەکی کەمی مادی و گیانی هەیە. 

_ هەبوونی ڕاگەیاندنێکی بەهێز کە ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو بۆ خەڵک کە هیچ کات باوەڕیان بە میدیای ڕێژیمیان نەبووە.

ڕەچاو کردنی ئەم خاڵانە و گەلێک خاڵی تر دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی خەباتی شار لە مەفهومی ڕاسان دا چالاک بکرێت. ئەوکات شار دەتوانێ بە خۆپێشاندان ، مانگرتن وبەرپرچدانەوەی پیلانەکانی دوژمن و نا ئارام کردنی شار هەروەها گەلێک شێوازی تر چالاکی دیکە بنوێنێ، ئەو چالاکیانە ببنە بنەمای شۆرشێکی گشتی و دەستی خەبات بۆ شاخ درێژ بکات و لە کۆتایی دا بە لێک گرێدانیان سەرخستنی ڕاسانی لێدەکەوێتەوە.

 پێشمەرگەی شار

 یەکێک لەو چەمکە نوێیانە کە هاتۆتە نێو بزاڤەکەمان ئەویش دوای ڕاسان چەمکی پێشمەرگەی شارە کە ئاماژە پێکردنی لێرەدا نەک بە مانای ئەوەی کە ناوی شاری لە سەرە بەڵکو بەو مانایە کە ئاماژە دان بە ئەم جۆرە لە خەباتەی شاریش گرینگیەکی زۆری هەیە بەپێویست دەزانم. 

شۆڕش لە بەرانبەر دیکتاتۆرێکی وەک ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی کە لە هەموو ڕێگایەکی نا ئەخلاقی و نامرۆڤانە بۆ دژایەتی کردنی داوا ڕەواکانی گەڵێک کەڵک وەردەگرێت، پێویستی بە پێکهێنانی وەها هێزێک بۆ بەرگری هەیە کە دەکەوێتە خانەی بەرگری کردن لە شۆڕش و شۆڕشگیر و ڕێگری کردنە لە دوژمن بۆ ئەوەی نەتوانێ بە ئاسانی زیان بە شۆڕش بگەینێت. 

ئەگەر بێت و بگەڕێینەوە سەر مانای قوڵی پێشمەرگە کە داهێنانەکەشی بۆسەردەمی کۆماری کوردستان وپێشەوای کورد قازی محمد دەگەڕێتەوە، ئاوێتە کردنی ئەو مانا گرنگە بە ڕاسان لە خەباتی ئێمە دا کە هەڵگری تێزی خرۆشاندنی شاری هەیە، لە چوارچێوەی خەباتی فرە ڕەهەندی شارەکان دا،بوونی پێشمەرگەی شار وەک پێویستیەکی هەنووکەی و کاریگەر بە گرنگ دەزانرێت.

ڕووحی فەلسەفەی پێشمەرگایاتی لە پێشمەرگەی شار دا کە ئەسڵی فیداکاری بۆ نیشتمان و ڕێبازی شەهیدان تێیدا بەرجەستە بووە، وای کردوە کە وەک پێشمەرگە بەڵام لە هەڵکەوتەی جوغرافیای نێوخۆی وڵات و لە شارەکان هەڵگری بەڕێوەبردنی ئەرکی شۆڕش بێت. هەر بۆیەش بە تەکنیکی ڕێکخستنی تایبەت بەخۆی بتوانێ پەرەی پێ بدرێت و هەوڵ بدرێت لە بەجێ هێنانی ئەرکی خۆی سەرکەوتوو بێت. 

هەرچەند ئەو بابەتە لە مێژە لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە سەرنجی تایبەتی پێ دراوە دەبێ لە ژێر ڕۆشنایی ئەو سەرنجانە لە چوارچێوەی ڕاسان و ڕێکخستنی تایبەت دا پەرەی بێ بدرێت. ڕێبەری نەمر شەهید دکتور قاسملو لە سەر گرینگی شارەکان لە یەکێک لە تۆمارە دەنگیەکان دا دەفەرمێ:

" شارەکانی کوردستان پشتی جەبهەی دوژمنن کە وابوو لە شارێکی کوردستان دەکرێ زۆر زەربەی باش لە دوژمن بدرێ، دەبێ هەموو کارەکانی دوژمن ئەوەی دەیکا بۆ ئەوەی جەبهەی خۆی تەقویەت بکات، دوژمن تەداروکاتی  خۆی لە شارەکانەوە کۆدەکاتەوە، دوژمن ئازوقەی لەوێڕا دێت، دەبێ کارێکی وا بکەین نەک هەر لە دەرەوەی شار کە پێشمەرگەی لێیە ڕێگای لێ دەگرێ و زەربەی لێدەدا، بەڵام لە ناو شاریش دا خرابکاری بکەین هەرچی پێمان دەکرێ ئەوە دێڵین بە ئیبتکاری هەموو دانیشتوانی شارەکانی کوردستان کە تەجروبەمان هەیە بۆخۆیان زۆر لەو بارە شارەزان بە ئیبتکاری خۆیان لە هەر جێگایەک دەتوانن دەبێ زەربە لێبدەن، نابێ لە بیریان بچێ کە هەر چەند ئەوان لە شارەکانن هەرچەند بە زاهیر چەکیان پێ نیە، بەڵام پێشمەرگەن و وەک پێشمەرگە لە سەنگەر دان وە دەبێ ئەرکی خۆیان بۆ تێکدانی نەخشەی دوژمن هەروەها بۆ گەیاندنی ئەخبار بە پێشمەرگە بۆ بەربەست کردنی ڕێگەی دوژمن لە هەر ڕێگایەکەوە بە هەر شێوەیەکەوە کە بتوانن ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن زەربە لە دوژمن بدەن ."

لەو دێرانە‌دا دەردەکەوێ کە شارەکانی کوردستان کە ناوەندی حکومڕانی ناڕەوای دوژمنن ناوەندی زەربە لێدان لە شۆڕشن بۆیە ئەگەر بمانهەوێ سەرکەوین دەبێ شار تەنانەت لە ڕووی لەشکریشەوە فەراموش نەکەین.

  کۆبەند

 خەباتی شار وەک یەکێک لە ڕەهەندەکانی ڕاسان گەلێک شێواز لە خۆی دەگرێت و بۆ هەر یەکێک لە شێوازەکان دەبێ بەرنامەی تایبەت هەبێ، کاری کردەیی بۆ بکرێ. بەو جۆرە شار دەبێ بە گۆڕەپانی چالاکی شۆڕش و ئیتر دوژمن نەتوانێ لە هیچ شوێنێک لە سەر خاکی کوردستان بە خیالێکی ئاسودە داگیرکاری خۆی بەردەوام بکات. ئەو بابەتەش بە گرینگی دان بە سەردەمیانە کار کردن، هەروەها گەیاندنی پەیامی پێشکەوتووی ڕاسان بە شار، تێکهەڵکێش کردنی ژیانی ڕۆژانەی شار بە شۆڕش مسۆگەر دەبێت. دانیشتوانی شارەکانی کوردستان وێڕای بێ بەش کردنیان لە هەموو مافە نەتەوەییەکان و بە دەیان گرفتی دیکەی دروست بووی ؟؟؟ نابەڕێوەبەری سیستمی کۆماری ئیسلامی دەناڵێنن، خەڵک بە دەیان پرسی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و دیکە وەزاڵە هاتوون. ئەوە پتانسیلێکی گەورەیە بۆ هێزێکی شوێندانەری وەک ڕاسان کە دەبێ کەڵکی لێ وەربگیرێت. شاریش بۆ بە دەست هێنانی ئازادی و ماف و ڕزگاری لە هەمووی ئەو پرسانە، کە بە مانی حکومڕانی کۆماری ئیسلامی چارەسەر نابێت، دەبێ خۆیان ببن بە کۆڵەکەی سەرەکی ڕاسان، تا پێکەوە هەموو لایەک هەنگاو بەرەو سەربەستی و ژیانێکی کامەران هەڵنەگرن. سەرکەوتن وەدینایێ.

پەراوێزەکان

١-  تبيين فلسفي – مفهومي جغرافياي سياسي شهر

١٣٨٩ پاييز ،موس، شماره مششك ـ سال يتيفصلنامه ژئوپل صص ٤٤ -٩

دکتر موسي كمانرودي ،  تاج الدین كرمي- دكتر عطاء االله عبدي

 ٢- مرکز امار ایران 

٣- تبيين فلسفي – مفهومي جغرافياي سياسي شهر

١٣٨٩ پاييز ،موس، شماره مششك ـ سال يتيفصلنامه ژئوپل صص ٤٤ -٩

دکتر موسي كمانرودي ،  تاج الدین كرمي- دكتر عطاء االله عبدي