کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٣ شار لە کوردستان و ئێران بەهۆی کۆرۆناوە خرانە دابڕگەوە

11:36 - 5 خەزەڵوەر 2720

بەهۆی ئەوەیکە نەخۆشیی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەردەوام قوربانی دەگرێت و خەڵک تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن، ٤٣ شار خراونەتە دابڕگەوە.

شارەکانی مەهاباد، پاوە، ماکۆ، پیرانشار، بانە، بیجاڕ، گەیڵانغەرب، شاباد، ئەیوان و دەڕەشار لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن کە بۆ ماوەی یەک حەتوو خراونەتە دابڕگەوە.

دۆخی ئەو شارانە بەهۆی کۆرۆناوە هەتا ئاستێک مەترسیدار بووەتەوە کە ڕێژیم دانی بەوەدا ناوە ئەو شارانە بخاتە دابڕگەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئاماری قوربانییان بە کۆرۆنا لە ئێران لە ٣٠٠ کەس تێدەپەڕێت. سەرەڕای ئەو دۆخه مەترسیدارە وەزیری تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، شوێنە مەزهەبییەکان داناخرێن.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڕێژیمی ئێران هەنگاوی جیددیی نەگرتە بەر. لەلایەکی دیکەوە، ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی کوردستان بەتایبەتی بۆ پێشگیریکردن لە تەشەنەسەندنی کۆرۆنا هیچ هەنگاوێکی جیددیی هەڵنەگرتووە و خەڵک خۆبەخشانە بە کەرەستە و تێچووی خۆیان هەوڵ دەدەن پێش بە پەرەسەندنی ئەم نەخۆشییە بگرن.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە دەکرد کە کۆرۆنایان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام ئێستا خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە بەپێی پێویست دژی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هەنگاویان هەڵنەگرتووە.