کوردستان میدیا: چالاکییە تەبلیغییەکان بەبۆنەی هاتنی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانەوە لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەپیریی ئەو ڕۆژەوە دەڕۆن.
ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی "پێشمەرگەی کوردستان"، بە ئەنجامدانی چالاکیی بەرینی تەبلیغی، ئەو ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕادەگرن و لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمان نوێ دەکەنەوە.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی سەرماوەز، بوێرانی مەتەرێزی شار لە گوندی"لەج"، سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، لە چالاکییەکی بەرینی تەبلیغیدا، بە نووسینی دروشمی تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانەوە، ئەو ڕۆژەیان بەرز و پیرۆز نرخاند.
ئەندامانی حیزب لەو چالاکییەدا بە نووسینی دروشمگەلێک وەک: "سڵاو لە پێشمەرگەی حدکا؛ ٢٦ی سەرماوەز پیرۆز بێت؛ ٢٦ی سەرماوەز لە ڕاسانییانی شاخ پیرۆز بێت؛ پێشمەرگە نیشانەی خەباتی شاخ و شار"، ئەمەگداریی خۆیان بەرانبەر بە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە نیشان دا.
هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی سەرماوەز، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بانە، لە بەرەبەری نزیکبوونەوەی ٢٦ی سەرماوەز، "ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان"، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی ئەو ڕۆژەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.