کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارۆچکەی بڵواناوا لە هەموو چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەرییە

17:58 - 15 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: شارۆچکەی "بڵواناوا"ـی سەر بە شاری دێولان، بە هۆکاری کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕێژیمەوە لە هەموو چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەرییە.

شارۆچکەی بڵواناوا کە لە بیست کیلۆمێتری شاری دێولان هەڵکەوتووە و زیاتر لە دە ساڵە کراوەتە شارۆچکە، لە هەموو چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەرییە و بە هۆی کەڵەکەبوونی سەرجەم کێشە و گرفتەکان و هەروەها پەراوێزخراوی لە لایەن ڕێژیمەوە، ژیانی خەڵکانی دانیشتووی ئەو شارۆچکەیە و ناوچەکانی دەوروبەری بە تەواوەتی دژوار بووە.

وێڕای ئەوەی کە شارۆچکەی بڵواناوا زیاتر لە دە ساڵە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە لە شاری دێولان و پارێزگای سنە، بە فەرمی لە ناحیەوە کراوەتە شارۆچکە، تا هەنووکە لە زۆربەی ئۆرگان و ناوەندە حکوومەتی و خەدەماتییەکان وەکوو، بانک، نەخۆشخانە و دوکتۆر، دەرمانخانە، مۆخابرات، شوێنی یاری و یاریگا وەرزشییەکانی لاوان، پارک و..هتد، بێبەرییە و ئەو شارۆچکەیە هێشتا وەکوو گوندێکی تر لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دواکەوتوویی ماوەتەوە و وەکوو شارۆچکە پێداویستی بۆ دابین نەکراوە.

سەرەڕای ئەو هەموو بێ ئیمکاناتی و دابین نەکردنی ئەو پێداویستییە سەرەتاییانە لە لایەن کاردبەستانی ڕێژیمەوە لە پارێزگای سنە، شارۆچکەی بڵواناوا بە هۆی نەبوونی "هەمباراو"ـەوە لەگەڵ کەمی ئاوی خواردن ڕووبەڕوو بووەتەوە و بەم هۆیەشەوە لە سێ مانگی هاوین و وەرزی گەرمادا لەو شارۆچکەیە قەیرانی بێ ئاوی ڕوو دەدات و ئەم هۆکارەش ژیانی دانیشتووانی شارۆچکەکەی ئەستەم کردووە.

ئەو شارۆچکەیە لە بیست کیلۆمتری شاری دێولان هەڵکەوتووە و چوار هەزار کەس دانیشتووی هەیە و بە ناوچەکانی دەوروبەرییەوە حەشیمەتێکی زیاتر لە هەژدە هەزار کەسی لە خۆی دەگرێتەوە.