کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری "خوڕەمئاوا" لەگەڵ کێشەی خزمەتگوزاری بەرەوڕوویە

12:17 - 10 خەرمانان 2721

"مێهرداد وەیسکەرەمی" بەناو نوێنەری "خوڕەمئاوا و چگنی" سەر بە پارێزگای "لوڕستان" لە مەجلیسی ڕێژیمدا وتوویەتی لە ناوەندی ئەو پارێزگایە ٢٠ ناوچەی پەراوێزنشین بوونی هەیە کە لە دۆخێکی زۆر خراپدانە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە دوو گەڕەکی "عەلی ئاباد و فەلەکەدین" بە قەد دەوڵەتێکیان کێشە هەیە و جەختی کردووەتەوە بە مەرجی خزمەتگوزاری لە گەڕەکی "عەلی ئاباد" دەتوانێت یەکێک لە خۆشترین گەڕەکەکانی شاری "خوڕەمئاوا" بێت.

"وەیسکەرەمی" سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی "خوڕەمئاوا" وتوویەتی پڕۆژەی "هۆتیل سەخرەیـ"ـی دوای ٢٠ ساڵ؛ کێشە حقوقییەکەی بۆ چارەسەر کراوە.

پارێزگای "لوڕستان" سەرەڕای ئەوەیکە لە بوارەکانی "کەش و هەوا و زەویی بەپیت" پلەی سێیەمی لە ئێراندا هەیە؛ بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە ڕیزی پارێزگاکانی چارەڕەش دایە.

دەست ‌بەکارکردنەوەی یەکە بەرهەمهێنەرەکان و دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ بەشەکانی گەشتیاری و کشتوکاڵی لە داخوازییە سەرەکییەکانی خەڵکی ئەو پارێزگایەیە.