کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری "سیروان" لە هەر جۆرە خزمەتگوزارییەک بێبەشە

12:16 - 18 خەزەڵوەر 2721

ماوەی نۆ ساڵە بڕیارە شاری "سیروان" لە پارێزگای ئیلام بکرێت بە شارستان، بەڵام ئەو هەوڵە تەنیا لە ئاستی بڕیاردا ماوەتەوە.

زۆربەی ئیدارەکان لەو شارە بینای ئیداریی جیایان نییە و چەند ئیدارە پێکەوە لە بینایەکدا کار دەکەن. هاووڵاتییان بەنیسبەت تێکەڵبوونی ئیدارەکان زۆر جار تووشی سەرلێشێواوی دەبن و بەم هۆیەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

زۆربەی ئیدارەکان بەهۆی نەبوونی بینای تایبەت ناچارن پێرسۆنێلی کەم دامەزرێنن و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە خزمەتگوزاریی ئیداری بە باشی بۆ خەڵک ئەنجام نەدرێت.

هەروەها بەشێک لە ئیدارەکان بەهۆی نەبوونی بینای تایبەت، خانوو بەکرێ دەگرن و بەم هۆیەوە هەر ڕۆژە و لە جێیەکدا جێگیرن.

هەبوونی بینای جیا بۆ ئیدارەکان وەک داخوازییەکی سەرەکیی هاووڵاتییانی لێ هاتووە و لەمبارەوە چەندین جار سکاڵایان تۆمار کردووە.