کوردستان میدیا: ٣١ ساڵ لەمەوبەر شاری سەردەشت لە لایەن ڕێژیمی بەعسی عێراقەوە کیمیاییباران کرا، کە لەو جەنایەتەدا ١١٠ کەس کوژراون و ٨ هەزار کەسیش ژاراوی بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێكەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٣١ ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیاییبارانی سەردەشت یەکێک لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات تێدەپەڕێت، کارەساتێکی مرۆیی لە مێژووی کورددا کە لەو جەنایەتەدا ١١٠ کەس بوونە قوربانی و ٨ هەزار کەسیش ژاراوی بوون.
دوای ئەو جەنایەتەی ڕێژیمی بەعس دژ بە نەتەوەی کورد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک پێویست هەڵویستی نەگرت و تەنیا نیگەرانی خۆیان دەربڕێ و ئەو کردەوەیەی سەدام حوسێنیان مەحکووم کرد.
دوای ئەو هێرشە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وێڕای ئەوەی کە ئەو هێرشەیان مەحکووم کرد و سەردەشتیان بە هیروشیمای دووهەم لە قەڵەم دا، بەڵام هەتا ئێستاش ڕێژیمی ئێران خۆی برینی ئەو شیمیاییبارانه لە دڵ و زەینی خەڵکی سەردەشت زیندوو دەکاتەوە.
لە ماوەی ٣١ ساڵی ڕابردوودا، بۆ هاوکاریی قوربانیانی ئەو کارەساتە تەنیا یەک کلینیک هەیە ئەویش نە دوکتوری هەیە نە دەرمان و ئەو کەرەستە سەرتایییانەی کە لێیەتی خۆڵ دایپۆشیون و بەرەو داخران دەڕوات، تەنانەت بۆ بەشێکی زۆر لە بەرکەوتووانی ئەو بۆردمانە دەزگای بخۆر و کەپسولی ئوکسیژنیشینان نییە!
سەردەشت شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەر بە پارێزگای ورمێیە، کە له نێوان سنووری ئێران و عێراق هەڵکەوتووە و ئەم شارە لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا لە لایەن ڕێژیمی سەدام حوسێن کیمیاییباران کرا.