کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری لافاولێدراوی "مەعموولان" سەر بە پارێزگای لوڕستان لە دۆخێکی خراپدایە

11:46 - 28 رەزبەر 2721

دوای ٣٠ مانگ لە تێپەڕبوونی لافاوی شاری "مەعموولان" سەر بە پارێزگای لوڕستان دانیشتووانی ئەو شارە خزمەتگوزاریی بیناسازییان بۆ ئەنجام نەدراوە.

ئەو شوێنەی کە لافاوی لێ هاتووە ٢٥٩ یەکەی نیشتەجێبوونی هەیە کە خەساری جیددییان بەرکەوتووە، لەو ڕێژەیە تەنیا ٦٠ لەسەدی ئامادە کراوە و ٤٠ لەسەدی خەڵک هەتا ئێستا خزمەتگوزاریی بیناسازییان بۆ ئەنجام نەدراوە.

هەروەها بەشێکی دیکەی دانیشتووان کە لەو لافاوەدا خەساریان بەرکەوتبوو بەهۆی "گرانیی کەرەستەی بیناسازی و هەڵاوسان" نەیانتوانیوە خانووەکانیان نۆژەن بکەنەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیم سەرەڕای کەمتەرخەمی بۆ دروستکردنەوەی خانوویی هاوشارییان بەگشتی، نۆژەنکردنەوەی شوێنە گشتییەکان کە لەو لافاوەدا خساریان بەرکەوتبوو، ڕاگرتووە.

لە وەرزی بەهاری ساڵی ١٣٩٨دا، لافاو لە پارێزگای لوڕستان خەسارێکی زۆری بە هاووڵاتییان گەیاند کە هەتا ئێستا بەناو بەرپرسانی ڕێژیم کێشە و گرفتەکانی زیاندیتووانیان چارەسەر نەکردووە.