کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری گێلاس هەژاری موکریانیی لە ئامێز گرت

17:53 - 4 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پەیکەرەی گەورە پیاوی ئەدەبیاتی کورد، هەژاری موکریانی، لە مەیدانێکی شاری شنۆ دانرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پەیکەرەی نووسەر، وەرگێڕ، شاعیر و گەورە بلیمەتی ئەدەبیاتی کوردی، "عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی" ناسراو بە "هەژار"، لە فەلەکەی "چل میتریـ"ـی شاری شنۆ کە پێشتریش ئەو شەقامە بە "هەژار" ناودێر کرابوو؛ دانراوە.

"عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی" ناسراو بە "هەژار"، کوڕی مەلا محەممەد، ساڵی ١٣٠٠ لە شاری مەهاباد لە دایک بووە.

مامۆستا هەژاری موکریانی، لە ساڵەکانی سەرەتای ژیانیدا لای باوکی کە کەسایەتییەکی خوێندەوار و کوردیزان بووە دەستی بە خوێندن کردووە و دواتریش لە لای مامۆستایەکی ئایینی لە حوجرە، درێژەی بە خوێندن داوە وساڵی ١٣١٩ دەستی بە هۆنینەوەی شیعر کردووە.

مامۆستا هەژار، خاوەنی زیاتر لە ١٧ بەرهەمی ئەدەبییە کە ژمارەیەک لەو بەرهەمانە بریتین لە: "چێشتی مجێور"، "ئاڵەکۆک"، "بەیتی سەرەمەڕ"، "وەرگێڕانی مەم و زین لە کرمانجییەوە بۆ سۆرانی"، "بۆ کوردستان"، "فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە" و چەندین بەرهەمی دیکە.

ناوبراو ڕێکەوت ٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٩ لە شاری کەرەج ماڵاوایی لە ژیان کرد و دوای کۆچی دوایی تەرمەکەی گواستراوە بۆ مەهاباد و لە گۆڕستانی شاری مەهاباد بە خاک ئەسپێردرا.