کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ شاری یاریی پارێزگای کرماشان، مۆڵەتی ستانداردیان نییە

12:20 - 28 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: زیاتر لە ٢ لە سەر ٣ی شاری یارییەکانی پارێزگای کرماشان، مۆڵەتی ستانداردی کەرەستەکانی یاریپێکردنیان نییە، کە ئەمە هەڕەشە بۆ گیانی بەکارهێنەران و بەتایبەت منداڵان بەئەژمار دێت.

بە وتەی "یاسر مورادی"، بەرپرسی چاوەدێری بە سەر بەڕێوەچوونی ستانداردی پارێزگای کرماشاندا، ٢ لە سەر سێ، واتا ١٠ شاری یاری لە پارێزگای کرماشاندا مۆڵەتی ستانداردیان نییه.

ناوبراو ویڕای ئاماژه بەوەی کە لە ساڵدا، ٤ جار بازڕەسیی گشتی بە سەر پارک و شاری یارییەکاندا دەکرێت، وتوویەتی: "لە ١٤ شاری یاریی ئەم پارێزگایە، تەنیا ٤یان مۆڵەتی ستانداردیان هەیە و ستاندارکردنەوەی ئەم شوێنانەشی بە ئەرکی شارەدارییەکان زانیوە، چونکە پاش چاوەدێری، کەموکۆڕییەکان بە شارەدارییەکان ڕادەگەیەندرێت."

بەپێی پەسەندکراوی شۆرای باڵای ستانداردی ڕێژیم و بەمەبەستی دابینکردنی ئەمنییەتی هاووڵاتییان، بەڕێوەبردنی ستانداردەکان لە شاری یارییەکان ئیجبارییە، بۆیە پێویستە ئەو شوێنانە خاوەن خزمەتگوزاریگەلێکی وەک: سندووقی یارمەتییە سەرەتاییەکان، سیستەمی ئاگرکوژێنەوە، هەبوونی تابلۆی فێرکاری و تەنانەت کەسانی دەورەدیتوو بۆ یارمەتیی بەکارهێنەران بن.

دابینکردنی ستاندارد لە شوێنە گشتییەکانی وەک پارک و شاری یاری، ئەرکی سەرەکیی بەرپرسانی ئەو شوێنانە و هەروەها بەرپرسانی چاوەدێری بە سەر بەڕێوەچوونی ستانداردەکانە، چونکە کەمتەرخەمی لەم بوارەدا دەتوانێت ڕوداوگەلێکی ناخۆش و لەبیرنەکراو بە دوای خۆیدا بێنێت، بەتایبەت کە منداڵانیش لەم بوارەدا قوربانیانی سەرەکین، کە لەم پێوەندییەدا دەکرێت ئاماژه بە گیانلەدەستدانی مێرمنداڵیک لە "پارکی کوودەکی" شاری سنه لە جۆزەردانی ساڵی ڕابردوودا بکرێت کە بە هۆی نەبوونی ستاندارد و بەربوونەوە لە کەرەستەی یاریی ئەو پارکە، گیانی لەدەست دا.