کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠١ شاری ئێران لە دۆخی سووری بێ‌ئاوی دان

19:20 - 14 پووشپەڕ 2721

''حەمیدڕەزا جانباز'' بەڕێوەبەڕی شیرکەتی ئاو و ئاوڕۆی ئێران وتوویەتی لە ئێستادا لەنێوان ٣٠٤ شاری ئێران کە کێشەی بێ‌ئاویان هەیە، ١٠١ شار لەگەڵ دۆخی سووری دابینکردنی ئاو بەرەوڕوون.

بە وتەی ناوبراو ساڵی ڕابردوو ئەو گوندانەی کە بە تانکێر ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرا ٥ هەزار و ٥٠٠ گوند بوو بەڵام ئەمسال بۆ ٨ هەزار گوند بەرز بووەتەوە.
 ئەو بەرپرسەی شیرکەتی ئاو و ئاوڕۆی ئێران وتوویەتی، ڕێژەی ئەو ئاوەی کە دەڕژێتە نیو بەنداوەکان لە ئەمساڵدا بەنیسبەت نێونجیی ساڵی ڕابردوو ٦٠ لەسەد و ڕێژەی ئاوی بنداوەکانیش ٣٤ لەسەد دابەزیوە.

هەر لەو پێوەندیەدا ''عیسا کەلانتەری'' بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەی ئێران مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە پەرەسەندنی قەیرانی بێ‌ئاوی و چارەسەرنەکردنی، لەنێوان پارێزگاکان و گوندەکاندا شەڕ دروست دەکات.

بەهۆی ئەم دۆخەوە هەتا ئێستا چەندین جار خەڵک لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە، بەڵام لەلایەن بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.