کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٧٠ شاری ئێران کێشەی بێئاوییان هەیە

12:35 - 2 پووشپەڕ 2720

هاوکات لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و گەرمتر بوونی هەوا، کەمبوون و نەبوونی ئاو لە زۆربەی شارەکاندا بووەتە هۆی بەدیهاتنی قەیرانێکی گەورە.

"قاسم تەقیزادەی خامسی"، جێگری وەزیری وزەی ڕێژیم لە "ئابفا"، ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ، ڕایگەیاندووە کە لە دەستپێکی هاویندا ١٧٠ شاری ئێران تووشی قەیرانی بێئاوین و لەم ڕێژەیەش ٥٠ شار لە دۆخی زۆر قەیراناویدان.

نزیک بە نیوەی حەشیمەتی ئێران و زیاتر لە ١٠ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس لە گوندەکانی ئێراندا دەستپێڕاگەیشتنیان بە سەرچاوە ئاوییەکان نییە یان بەرتەسکە.

"خامسی" لەو بارەوە وتوویەتی کە ڕێژەی دەستپێڕاگەیشتن بە ئاو لە وڵاتدا ڕوو لە کەمبوونە و حەشیمەت ڕوو لە زیادبوونە.

ناوبراو وتوویەتی، ڕێگەی چارەسەربوونی ئەو قەیرانانە گرێدراوە بە تەواوکردنی پرۆژەکانی پاڵاوگە ئاوییەکان و پاڵاوگەکانی ئاوەڕۆ، چارەسەرکردنی پرتووکاویی تۆڕی ئاویی وڵات و گواستنەوەی ئاو لە ناوچەکانی دیکەوە بۆ ناوچە قەیراناوییەکان کە ئەمانە پڕ تێچووە و بودجەی زۆری دەوێت.

ئەو قسەیەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم نیشان لەوەیە کە بێکیفایەتییەکانی ڕیژیم بووەتە هۆی قەیراناویبوونی ئەو دۆخە.

شارۆچکەی "نۆکان" لە پارێزگای کرماشان لە نموونەی ئەو شوینانەیە کە بە زیاتر لە ١٥ هەزار کەس حەشیمەتەوە زیاتر لە ٣٠ ساڵە کێشەی بەردەوامی بیئاوییان هەیە.

ئاو ڕۆڵێکی سەرەکی و ژیوایی لەنێو ژیانی مرۆڤدا هەیە و بەبێ ئاو تەندروستی و ئارامیی جەستە و دەروونی مرۆڤ لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەبێت کە ڕێژیمی ئێران هیچ سەرنجێک بە پێویستیی خەڵک بەو مافە سەرەتاییە نادات.