کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداری سەوڵاوا هیچ بایەخێک بەو شارە نادات

14:06 - 18 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: شارەداری سەوڵاوا دۆخێکی نالەباری لەو شارەدا پێکهێناوە و تەنانەت وای لێهاتووە، خەڵک بۆ خۆیان زبڵەکان کۆ دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دۆخی نالەباری ئابووری و بەڕێوبەریی شارەداریی سەوڵاوا، هەروەها نەدانی مووچەی مانگانەی کرێکاران، ئەو ناوەندەی ڕێژیمی تووشی گرفتێکی زۆر کردووە.

کرێکارانی شارەداریی سەوڵاوا به هۆی نەدانی مووچەکانیانەوە لە لایەن کاربەدەستانی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیمەوە، هیچ گرنگییەک به پاک و خاوێنیی ئەو شارە نادەن و ئەمە وای لێهاتووە کە خەڵک زبڵی ئەو شارە کۆ بکەنەوە.

هەروەها بە هۆی ئەم دۆخەوە زۆرێک لە منداڵانی شاری سەوڵاوا کە بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەی ئەو شاره یارمەتیی خەڵک دەدەن، تووشی نەخۆشی بوونە.

هەرلەم پەیوەندییەدا، شارەداری پێشووی سەوڵاوا بڕی ٢ میلیارد تەمەن ئیختلاسی کردبوو، کە تا ئێستا هیچ بەدواداچوونێکی بۆ نەکراوە و ئەم پارەیە لە نێوان کاربەدەستانی ئەو ئێدارەیە و شۆراکانی شاردا، کە سەر به سپای تێرۆریستی پاسدارانن، دابەش کراوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە کرێکارانی شارەداریی سەوڵاوا چەندین مانگە مووچەیان پێنەدراوە و هەروەها دۆخی ئەو شارەش بەردەوام بەرەو خراپی دەڕوات.