کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی تاران گوێی منداڵێکی کاریان بڕی

12:35 - 13 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە نوێترین جەنایەتیاندا گوێی منداڵێکی زبڵگەڕ دەبڕن.

لە ڤیدئۆییەکدا کە چەند ڕۆژ پێش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، دەردەکەوێت کە منداڵێکی زبڵگەڕ، بە تاوانی کۆکردنەوەی زبڵ لە لایەن  کارمەندانی ناوچەی ٣ی شارەداریی تارانەوە گوێی دەبڕدرێت.

لەم ڤیدئۆییەدا دەردەکەوێت، کە گوێی ئەم منداڵەیان بە تێغی ڕیشتاشین بڕیوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدئۆییە، شارەداریی تاران بێئاگاییی خۆیان لەم کارە دەربڕیوە.

منداڵانی زبڵگەڕ کە دەستەواژەیەکە بۆ ئەو منداڵانەی کە لە نێو زبڵەکاندا بە دوای دابینکردنی بژێوی ژیانیاندا دەگەڕێن.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە ئێراندا زیاتر لە ٧ میلیۆن منداڵی کار هەن، کە ژیانێکی دژوار و دوور لەتەمەنی خۆیان هەیە و ڕۆژانە مەترسیی گیانی، دەسدرێژی جنسی، تووشبوون بە نەخۆشیی درێژخایەن و مەترسیداریان لەسەرە، کە لە نوێترین مەترسیش بۆ سەر ئەم منداڵانە زیانپێگەیاندنیانە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە.

منداڵانی کار زۆرجار بە هۆی نەبوونی سەرپەرست، هەژاری و بارودۆخی خراپی ئابووری ناچار دەبن ڕوو لە بازاڕەکانی کار بکەن، بەتایبەتی لە ئێستای ئێراندا کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخی ئابووریی خەڵک بەرەو خراپبوون دەڕوات.

ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ نەهێشتنی دیاردەی زبڵگەڕی منداڵان و نەهێشتنی منداڵی کاری لە ئێراندا هەڵنەگرتووە.