کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی شنۆ لەسەر هەڵەکانی خۆی سووره

13:49 - 16 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی گوندی "گردکاشانـ"ـی شاری شنۆ، لە هەمبەر پاشماوەکانی زبڵ و خاشاک درێژەی هەیە و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانیش پشتیوانی لەو بڕیارە دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەیەکە کە شارەداریی ڕێژیم لە شاری شنۆ و کاربەدەستانی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیمی ئێران، بە پشتیوانی دەزگا و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەو شارە، بە زۆرەملێ لە گوندی گردکاشان، شوێنی زبڵ و پاشماوەکان دیاری دەکەن.

هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی "گردکاشانـ"ـی شاری شنۆ، لە هەمبەر شوێنی زبڵ و پاشماوەکان که شارەداریی له ئاوایی گردکاشاندا دیاری کردووە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هاووڵاتییانی گوندی گردکاشان، پێشتر بە شێوەیەکی مەدەنییانه پێشیان به هێنانی زبڵ و پاشماوەکانی شار بۆ ئەم شوێنە گرتبوو، که شارەداری دیاری کردبوو و نەیانهێشتووه ئەم پاشماوانه لەم شوێنەدا خاڵی بکرێن.

خاڵیکردنی پاشماوەی زبڵەکان لە نزیک ئەو گوندە، جگه لەم شوێنه که دیاری کراوه، له سەرەوەی ئەم شوێنە و دەوروبەری پاشماوەکان فڕێ دراون و جیا له خەسارگەیاندن به ژینگه و سروشت و بڵاوبوونەوەی بۆنێکی زۆر ناخۆش، لە وەرزی گەرمادا مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە و هەروەها دیمەنێکی ناشیرینیشی بۆ ئەو گوندە دروست کردووە.