کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی مەریوان لە تێکدانی ژینگەی ئەو شارە بەردەوامە

19:06 - 14 جۆزەردان 2720

شارەداریی مەریوان لە هەوڵێکی دیکەدا و ئەمجارە بە شێوەی ئاشکرا و بە ڕۆژی ڕووناکدا دارەکانی ئەو شارەیان بڕیوە و زەوینەکانیان کێڵاوە.

بەپێی وێنە و زانیارییەکان کە لە "ئەنجومەنی سەوزی چیا" بڵاو بووەتەوە، شارەداریی مەریوان دەوروبەری گۆلی زرێباری کێڵاوە و لێڕەوارەکانی دەوروبەری ئەو گۆلەی تێکداوە کە ئەمە دەبێتە هۆی زیان بەرکەوتن بە ڕواڵەت، سروشت و ئێکۆسیستەمی دەوروبەری ئەو گۆلە.

هەروەها شارەداریی شارۆچکەی "کانی دینار"، لە هەوڵێکی بەربڵاو و بە بیانووی جۆراوجۆرەوە داری دارستانەکانی ئەو شارۆچکەیەی بڕیوە و مڵکە سروشتییەکانی ئەو گوندەی لەنێو بردووە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، بڕینی داربەڕووەکان بە هەر بیانوویەک لەنێوبردنی ژینگە و سروشت دێتە ئەژمار و هیچ پاساوێکی نییە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت لە یەک ساڵی ڕابردوودا نەیارانی ژینگە بە شێوەیەکی چڕوپڕ دەستیان کردووە بە لەنێوبردنی دارەکانی زاگرۆس کە ئەمە هەڕەشە لە ئێکۆسیستەمی ناوچەکە دەکات.

هەر لەو پەیوەندییە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دارستانەکانی گوندەکانی "بەرقوڕوو و لەنگەرێز" بە شێوەیەکی بەربڵاو ئاگری تێبەردرا و بوو بەهۆی خەسارێکی گەورەی ژینگەیی لەو ناوچەیە.

نەتەنیا مەریوان بەڵکوو لە شارەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش، سروشت و ژینگەی شار و شارۆچکەکان ئاگریان تێبەردەدرێت و ئەو ئاگر تێبەردانانە زۆربەی کات بە شێوەی سیستەماتیک و لەلایەن دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت.