کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی مەریوان نوقمی کێشە ماڵی و ئیدارییە

13:04 - 9 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دۆخی نالەباری ئابووری و بەڕێوبەریی شارەداریی مەریوان و هەروەها نەدانی مووچەی مانگانەی کرێکاران ئەو ناوەندەی ڕێژیم چرۆکێکی بێبڕانەوەیە.

ماوەی زیاتر لە ٧ مانگە، کە حەقدەستی خۆیان وەرنەگرتووە و هیچ کاربەدستێکی ڕێژیمی ئێران، لەو ناوەندەدا خۆی بە بەرپرس نازانێت و ناڕەزایەتیی فەرمانبەرانی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیمی لێ کەوتووەتەوە.

نەبوونی بوودجە، بەڕێوەنەبردنی بەخشنامەکان، جێبەجێ نەکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و نەدانی مووچەی فەرمانبەران لە ژمارەیەک لە ئۆرگانەکانی ڕێژیم بەردەوام ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

کرێکارانی شارەداریی مەریوان، چەندین مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و یەکێک لە کرێکارانی ئەو شارەدارییە وتوویەتی: جیا لە وادە و بەڵێنیی بەرپرسان هیچمان وەرنەگرتووە.

"ئومید درەخشانی"، سەرۆکی شۆرای شاری مەریوان دانی بەوە داناوە، کە شارەداریی مەریوان بڕی ٥٠ میلیارد تمەن قەرزی لەسەرە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، شارەداریی مەریوان ٥٠٠ پێرسۆنێلی هەیە، کە زیاتر لە ٧ مانگە حەقدەستیان پێ نەدراوە.

سەرپێچی و گەندەڵیی ئیداری و ماڵیی کاربەدستانی شارەداریی مەریوان لە ئاستێکدا بووە، کە کاربەدەستانی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیم بانگهێشتی دادگا کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە.

مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، لە ڕاپۆرتێکدا کە بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەڕێ کرا باس لەوە کرابوو، وەرزی هاوینی ئەمساڵ تیمێک لە کارناسان و مەئموورانی بازڕەسیی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ لە شارەداریی مەریوان کاریان کردووە و بەڵگە کارییەکانی شارەداریی مەریوانیان تاوتوێ کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد: "ئاکامی لێکۆڵینەوەی ئەو تیمە بازڕەسییەی ڕێژیم ئەوە بووە، کە ژمارەیەک لە کارمەندان و کاربەدەستانی شارەداریی مەریوان هەڵبژێردراوی خولی چوارەم، به هۆی ئەنجامدانی کاری نایاسایی و گەندەڵی بانگهێشتی ناوەندە قەزایییەکان کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە".

ئەو کاربەدەستانەی ڕێژیم لە شاری مەریوان، لە ڕێگای "جێبەجێکردنی داشکاندنی نایاسایی و عەوارزی شارەداریی" گەندەڵیی ماڵی و ئیدارییان ئەنجام داوە که ئەوەش لە لایەن خودی شۆراوە پەسەند کرابوو، ئەگەرچی ئەو بڕیارە لە لایەن شۆراوە پەسەند کرابوو و سەرەڕای دژایەتی کۆمیتەی "بەراوردکاری فەرمانداری" (انطباق فرمانداری)، لە دوای پەسەندکردنی شۆرا و شارەداری خولی چوارەمی مەریوان، ئەو پەسەندکراوەیان، جێبەجێ کردووە.

بە هۆی جێبەجێکردنی ئەو پەسەندکراوە، زیانی چەند میلیارد تمەنی بە سیستمی شارەداریی مەریوان گەیشتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، کە بە دەست ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتبوو، نزیک ٢٢ کەس لەو دۆسییەدا وەک تاوانبار بانگهێشت کرابوون و چەند کەسیان بە دانانی بارمتەی چەند میلیارد تمەنی و چەند سەد میلیۆن تمەنی ئازاد کراون.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شاریی پارێزگار ،کاتێک دیەوێت وەسیقەی دیاریکراو بە بڕی ٦ میلیارد تمەن بۆ شارەداری پێشووی مەریوان بە ناوی "د.ی" دابنێت، دوای ئەوەی کە خۆی دەناسێنێت، خۆیشی وەک یەکێک لە تاوانبارەکان دەناسرێت و بە بارمتەی ١ میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد دەکرێت.

١١ کەسی دیکەی شارەداریی مەریوان، جیا لە "ع.ن" سەرجەمیان بە دانانی وەسیقەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد دەکرێن.

شوناس و ناوی سەرجەم تاوانبارانی ئەو دۆسیە گەندەڵییە لە لای ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" (kurdistanmedia.com) پارێزراوە.