کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی مەریوان پارەی خەڵکی شارەکی "زاگرۆسـ"ـی خواردووە

11:24 - 8 رەزبەر 2720

شارەداریی مەریوان لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە بە بیانووی قیرتاوکردن و پێڕاگەیشتن بە شەقام و کۆڵانەکانی شارەکی "زاگرۆسـ"ـی مەریوان، پارەی لە خەڵک وەرگرتووە بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ ئەو کارە هەڵنەگرتووە.

لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا خەڵکی شارەکی "زاگرۆس" لە مەریوان بڕە پارەکیان بۆ قیرتاوکردنی کۆڵانەکانیان کۆ کردبووەوە و خستوویانەتە سەر حسێبی شارەداری بەڵام لە دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ هێشتا نە کۆڵانەکان قیرتاو کراون و نە پارەکەش بە خەڵک دەدەنەوە.

چەند جارێک خەڵکی ناڕازیی شارەکی "زاگرۆس" ئەو کێشەیان لەلای شورای شار و شارەداردا خستووتە بەر باس، بەڵام هەموو جارێک شارەداری بڵێنیی درۆی پێ داون.

پێشتر شارەداری بەڵێنیی بە خەڵک دابوو کە لە ١٦ی خەرمانان هەموو کارەکان تەواو دەبێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ هێشتا ئەو کێشە و گرفتانە چارەسەر نەکراون.

هەروەها لە چەند گەڕەکێکی دیکەی مەریوان خەڵک لە بەڵێنییەکانی شارەداری ماندوو بوونە و بۆ خۆیان دەستیان داوەتە چاکسازی و پڕکردنەوەی چاڵوچۆڵی شەقام و کۆڵانەکان.