کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی مەهاباد لە گەندەڵیدا نوقم بووە

17:39 - 10 بانەمەڕ 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لە شارەداریی مەهاباد، ڕۆژانە چەند ملیۆن تمەن بەرتیل، لەلایەن شارەداریی مەهابادەوە لە خەڵک وەردەگیرێ و گەندەڵی لەو ئیدارەیەی ڕێژیم گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.

هەواڵنێری ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ وتی: "لە ئێستادا زیاتر لە ۴ هەزار خانوبەرە دروست دەکرێ کە نزیکەی هەزار دانەیان مۆڵەتی شارەدارییان وەرنەگرتووە و ئەوانەی دیکەش بە تێگرایی هیچ یاسایەکی بیناسازیان لەبەرچاو نەگرتووە".

بەپێی زانیارییەکان ئەو بابەتە بووەتە بازاڕی بەرتیل‌وەرگرتن بۆ زۆربەی کاربەدەستانی ئەو ناوەندە  و ئاشکرا بووە کە تەنیا بۆ یەک خانووبەرە هەتا ۵۰۰ ملیۆن تمەن بەرتیل وەرگیراوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە لە هاوینی ۹۹ی هەتاویدا ، شۆرا و شارەدار و چەند فەرمانبەری شارەداریی مەهاباد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە تۆمەتی گەندەڵی دەسبەسەر کران و دوای ماوەیەک بە بارمتەی دو و سێ میلیارد تمەنی ئازاد کران.

 لەحاڵێکدا ئەو کەسانە میلیاردها تمەنیان بەرتیل وەرگرتووە و هەر کامیان زیاتر لە چەندین خانوو، زەوی و دووکانیان بە بەرتیل وەرگرتووە.

ئاستی گەندەڵی لە شارەداریی مەهاباد بە ڕادەیەک بەرز بووەتە  کە دەنگی داوەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ پێشگرتن لەو گەندەڵکارییە هەڵنەگیراوە.