کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی مەهاباد ناکارامەیە

11:54 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ناکارامەییی شارەداریی مەهاباد بووەتە هۆکارێک بۆ ناڕەزایەتیی خەڵک بەرانبەر بە کەمتەرخەمییەکانی ئەو ئیدارەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵکی مەهاباد لە هەمبەر ئاوڕنەدانەوەی شارەداریی ئەو شارە بە دۆخی شەقامەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی و باسیان لەوە کردووە، کە شارەداریی مەهاباد لە هەمبەر چاککردنەوەی شەقامەکان و ڕێکوپێککردنی دۆخی دەستفرۆشەکان لەو شارەدا هیچ هەوڵێکی جیدی نادات.

هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد باس لەوە دەکات، بارودۆخی خراپی پیادەڕەوەکان و ئاسفاڵت نەبوونیان و نەبوونی نووری پێویست لە هەندێک لە شەقام و ڕێگەی هاتووچۆدا خەڵکیان تووشی کێشە کردووە و سەرەڕای بەدواداچوونی زۆر بۆ ئەو بابەتە هیچ ئاکامێکی نەبووە.

هەروەها خەڵکی ئەو شارە ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر داگیرکردنی پیادەڕەوەکان لە لایەن دەسفرۆشەکانەوە دەربڕی و باسیان لەوە کردووە، کە شارەداریی هیچ هەوڵێک بۆ ڕێکخستنی ئەو دەستفرۆشانە نادات و دووکانەکانیش مافی هاتووچۆی لە پیادەڕەوەکاندا لە خەڵک دەگرنەوە.

هەروەها لە بەشێکی دیکە لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە، کە دیمەنی بەنداوی مەهاباد بە هۆی هەبوونی زبڵ و خاشاکی زۆر تێک چووە و پێویستە شارەداریی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و زبڵدانی پێویست بۆ ئەو شوێنە دابین بکات.

کارامەییی سەرجەم شارەدارییەکان لە سەرتاسەری ئێران بەتایبەتی شارە کوردنشینەکاندا بۆ ئاستێکی نزم دابەزیون و لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی وەدواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران کرێکاران و فەرمانبەرانی شارەدارییەکانی دێهلۆڕان، مەریوان و دێولان ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و دەستیان دابووە مانگرتن.