کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی کرماشان هێرشی کردە سەر دەستفرۆشەکان

10:44 - 4 رێبەندان 2719

شارەدارییەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان جگە لە دابین نەکردنی شوێنی گونجاو بۆ دەستفرۆشەکان، تەنانەت لێشیان دەدەن و کەرەستەکانیان دەبەن.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی ڕێبەندان، مەئموورەکانی شارەداریی ڕێژیم لە مەیدانی "فێردەوسیـ"ـی "کرماشان"، هێرشیان کردە سەر دەستفرۆشێکی "باقلە فرۆش" و کەرەستەکانیان شکاند و لەگەڵ خۆیان بردیان.

ئەم کردارەی شارەداریی ڕێژیم لەو شارەدا لە حاڵێکدایە کە پارێزگای کرماشان لە ڕووی ڕێژەی بێکارییەوە لە ئاستی نێونجیی وڵاتیش لە سەرەوەترە و خەڵک بۆ بژێویی ژیان پەنا دەبەنە بەر دەستفرۆشی.

لە بەرانبەردا بەرپرسانی ڕێژیم و بەتایبەتی شارەداری لەو شارەدا، لە جێی دابینکردنی هەلی کار بۆ خەڵکی ئەو شارە یان دابینکردنی شوێنی گونجاو بۆ دەستفرۆشەکان، تەنانەت ڕێگەی دەستفرۆشیشیان لێ دەگرن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەر ڕێگایەکەوە بۆی بلوێ، هەوڵی هەژارهێشتنەوەی خەڵک دەدات و ئەمە بەرنامەیەکی سیستماتیکە بۆ دابەستەکردنی خەڵک بە ڕێژیم.