کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەدارییەکانی ڕێژیم لە کوردستان گوێ بە داواکارییەکانی خەڵک نادەن

12:03 - 11 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە وەرزی سەرما و سۆڵەدا، تەڕی و قوڕی سیمای شارەکانی گۆڕیوە و بە هاتنی باران و بەفر، بەهۆی خراپیی کۆڵان و شەقامەکانەوە، ژیانی خەڵک تووشی کێشە بووە.

شەقام، گەڕەک و کۆڵانەکانی شارەکانی کوردستان لە کاتی بارینی بەفر و باراندا سیمایەکی ناشیرین بەخۆیەوە دەگرێت.

دۆخی کۆڵانەکانی شەهرەکی سەبای مەهاباد بەهۆی بارینی باران نالەبارە و خەڵک گلەیی دەکەن و داوا لە کاربەدەستانی ڕێژیم دەکەن بەدواداچوونی بۆ بکەن.

بەهۆی بارینی باران جۆگەی ئاوی فەرهەنگییانی سەردەشت بەستراوە و ‌هاووڵاتییان داوایان کردووە کە کاربەدەستانی شارەداریی ڕێژیم چارەسەریی ئەو کێشەیە بکەن.

لە ورمێش لە کوشتارگا، بەهۆی کەمکاریی شارەداری، خەڵک دەنگی ناڕەزایەتییان هەڵبڕیوە.

هەموو ساڵێک به بارینی بەفر و باران کێشەی خەڵکیش بۆ ڕێگاوبانەکان زیندوو دەبێتەوە.

بارودۆخی نالەباری ڕێگاوبانەکانی نێوان شارەکانی کوردستان و سەرتاسەریی ئێران هەڕەشە لە هاووڵاتییان دەکات و بەرپرسانی ڕێژیمیش لەم بارەوە زۆر کەمتەرخەمە و هیچ بایەخێک بە ڕێگاکان نادەن و بەم هۆکارەشەوە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە ئاماری پێکدادانەکان و مردنی خەڵک زیاد دەکات.