کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەدێی "نێ" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەتەواوی میلیتاریزە کراوە

11:11 - 26 خەزەڵوەر 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکی شارەدێی "نێ" بڕیاریان دابوو ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر بە مەبەستی ڕێزگرتن لە شەهیدانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی ڕێزیاد پێک بێنن، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕێگرییان کردووە.

 هێزە ئیتلاعاتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە هێزێکی زۆرەوە "نێـ"ـیان بەتەواوی میلیتاریزە کردووە و سێڕێیانی "نێ" و "ولەژێر"یان گرتووە و لە هاتوچۆی خەڵک بۆ ئەو شارەدێیە ڕێگرییان کردووە.

هەروەها شەوێک پێش ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن ڕێژیمەوە کورتەنامە بۆ هەموو خەڵکی ئەو گوندە نێردراوە و هەڕەشەیان لێ کردوون کە نابێ ئەو کۆبوونەوەیە بەڕێوە بچێت و لە ئەگەری بەڕێوەچوونیدا ئەوا بەتوندترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێڵی ئینتێرنێتی "نێ" بەتەواوی پچڕاوە یان خێراییەکەی کەم کراوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا چەند لاو بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە. بەهۆی ئەو گوشار و هەڕەشانەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، خەڵکی شارەدێی "نێ" بڕیاریان داوە ئەو ڕێزیادە بخەنە ڕۆژێکی دیکەوە.