کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەوانیی ئیلام تەنیا قیرتاو دەكات\\ شوێنی سیاحەتی بوونی نیە

16:01 - 9 گەلاوێژ 2712

كوردستان میـــــدیا: كارناسێكی پرسە كۆمەڵایەتییەكان بە رەخنەگرتن لە شارەوانیی پارێزگای ئیلام، دەڵێ: شارەوانییەكانی ئەو پارێزگایە زیاتر سەرقاڵی كووچە، شەقام، قیرتاو و مووزایك كردنن و گوێ نادەنە دروستكردنی شوێنە سیاحەتی و پارکەکان.


مێهرداد خۆشبەخت، كارناسی پرسە كۆمەڵایەتییەكان، گوتی: شوێنە سیاحییەكانی پارێزگای ئیلام زۆر كەمن و وەڵامدەری پێداویستیی خەڵك نین.
خۆشبەخت ئاماژەی كرد: دروست كردنی شوێنە سیاحییەكان سەرەڕای ئەوەی كە دەبێتە هۆی دابین كردنی پێویستییەكانی خەڵك، كەش و دۆخێكی شادیش پێك دێنێت و لە خەسارە كۆمەڵایەتییەكان كەم دەكاتەوە.
بە وتەی ئەو كارناسە، هەنووكە هیچ پلان و نموونەیەك لە شوێنە سیاحییەكانی شارەكانی پارێزگای ئیلام وەبەرچاو ناكەوێت و شارەوانییەكانی پارێزگای ئیلام تەنیا سەرقاڵی قیرتاو كردن و موزاییكن.
مێهرداد خۆشبەخت دەڵێ: سەرەڕای هەموو جوانی و سروشتی پارێزگای ئیلام، لە ناوخۆی شارەكاندا شوێنە سیاحیەكانی وەك، پارك، شوێنی یاری، پاركی ئاژەڵان، بە گشتی بازار و ... یەكجار کەمن یان هەر بوونیان نیە.
ناوبراو رەخنەی لە شارەوانییەكان گرت و گوتی: شارەوانییەكانی پارێزگای ئیلام، داهێنان و پلانی تایبەتیان بۆ فراوان كردنی شوێنە سیاحیەكان نیە و زیاتر سەرقاڵی كووچە و شەقامەكانن.