کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەکانی کوردستان بەدەست بێ خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن

17:59 - 22 جۆزەردان 2720

هەر کام لە شارەکانی "سەقز" و "ڕەوانسەر" لە بارودۆخێکی خراپ دان و لە خزمەتگوزاریی سەرەتایی بێبەرین.

ئاوی خواردنەوەی شاری سەقز لە دۆخێکی زۆر کارەساتبار دایە و نەک هەر بە کەڵک خواردنەوە نایە بەڵکوو هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر تەندروستیی خەڵکی ئەو شارە.

ئەمە لە کاتێک دایە کە هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئەو شارە کوێستانی و سارده و ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێدەبارێت و خاوەن دوو بەنداوی گەورەی وەک "چراوەیسی" و لەگزی"ـیە.

 ڕێژیم ئاوی ئەو دوو بەنداوە دەگوازێتەوە بۆ شاری تەورێز لە پارێزگای تەورێز وخەڵکی سەقز بۆ ئاوی خواردنەوە تووشی کێشە بوونە.

هەروەها لە ئاواییەکانی "بورهانەدین"، "بەوراوا" و "بنەچەڵە" سەر بە شاری ڕەوانسەر، بە مەبەستی لوولەکێشی گازە کاناڵێکیان لێداوە هەتا ئێستا نە لوولە گازیان بۆ کێشراوە و نە کاناڵەش پڕ کراوەتەوە.

هەڵکەندنی کوچە و کۆڵانەکانی ئەو گوندانە بووەتە هۆی ئەوەیکە پێشی زێراوەکان ببەسترێت و بۆنی پیس دروست بێت.

دانیشتووانی ئەو گوندانە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە داوایان لە فەرمانداری و ئیدارەی گازی ڕێژیم کردووە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.