کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەکانی کوردستان، بەدەست خراپیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن

13:11 - 18 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ٤٢ شاری سەر بە پارێزگای ورمێ، ٢٥ شاری، سیستمی ئاوەڕۆیان نییە و پیادەڕۆکانی شاری سنەش، ئاوەڕۆکانیان کێشەی هەیە.

بەپێی هەواڵێکی بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ی سەر بە ڕێژیم، لە ٤٢ شاری سەر بە پارێزگای ورمێ، تەنیا ١٧ شاریان سیستمی ئاوەڕۆیان هەیە و فازڵاوەکانیان دەرکراوە. هەروەها ناوچە پەراوێزنشینەکانیش لە پارێزگای ورمێ، لوولەی ئاویان بۆ نەکێشراوە.

لە شاری سنەشدا، دوای دروستکردنی پیادەڕۆ لە لایەن شارەداریی ئەو شارەوە، سیستمی ئاوەڕۆکەی دەرنەکراوە و بەهۆی شکانی لوولەی فازڵاو، ئاوەڕۆکان دێنەوە سەر پیادەڕۆکان و هەتا ئێستا شارەداریی شاری سنە، هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نەداوە.

هەروەها لە پارێزگای ئیلامدا، کە بە دەیان پرۆژەی تەواونەکراوی هەیە، لە نوێترینیاندا، پرۆژەی دروستکردنی ڕێگای ئیلام بۆ مێهران، بەهۆی کەمیی بودجەوە ڕاگیراوە.

"عەلی ئەسغەر کازمی"، لەم بارەوە بە هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ی سەر بە ڕێژیمی ڕاگەیاندبوو کە بۆ تەواوکردنی ئەم  پرۆژەیە، پێویستیان بە ٦٠٠ ملیۆن تمەن بودجە هەیە.

هەر لەم ڕاستایەدا، دوای تێپەڕینی ١٣ ساڵ بەسەر کردنەوەی پرۆژەی دروستکردنی یاریگایەکی ١٥ هەزار کەسی، هێشتا ئەم پرۆژەیە تەواو نەکراوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی سیستماتیک، پارێزگا کوردنشینەکان پەراوێز دەخەن و لە پێڕاگەیشتن و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ شارە کوردییەکان خۆ دەبوێرن.