کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەکانی کوردستان مێلیتاریزە کراون

10:34 - 5 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پاش ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی خۆپیشادانەکانی خەزەڵوەر و بەردەوامکردنی خۆپیشاندانەکان، ڕێژیم بە تەواوەتی لە هەموو شارەکاندا کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوابەدوای ڕاگەیاندنی ناوەندنی هاوکاری لەمەڕ درێژەدان بە خۆپیشاندانەکان، لە ڕۆژی ٤ی بەفرانبارەوە ڕێژیمی ئێران هەڵوێستی ئەمنییەتیی گرتووەتە بەر.

لە سەقز هێڵی ئینتەرنێت زۆر لاوازە و ئەگەری پچڕانی یەکجاریشی لە ئارادایە. هەروەها دۆخی نێوشاری سەقزیش بە تەواوەتی ئەمنییەتی کراوە.

ڕێژیم لەم شارە بە کارمەندانی شیرکەتی گازی ڕاگەیاندووە کە تا ئاگادارکردنەوەی دواتر هیچ چەشنە مورەخەسییەکیان پێ نادرێت، هاتوچۆی ماشینی دەوڵەتی قەدەغەیە و تەعمیرکارەکان دەبێ ماوە بە ماوە سەردانی وێستگەکان بکەن و هەموو کارمەندەکان دەبێ لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بن.

له سنه هێزى نيزامى و ئەمنييەتی له مەيدانى ئێقباڵ، شەقامی فێردۆسى، دەوری مەيدان و چوارڕێیانی چوارباخ جێگير كراون و تێلێگرام به تەواوەتى داخراوه.

زۆربه ى شارەكانى پارێزگاى ورمێ ئەمنییەتی كراونەتەوه و هێڵی  ئێنتەرنێت زۆر زۆر خاو كراوەتەوه.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە کرماشانیش تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و سپای پاسداراندا ڕووی داوە.