
هاتنی تۆز و خوڵ لە عێراق بەرەو شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و پارێزگای ئەلئەحواز بوو بەهۆی ئەوەیکە خەڵک لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەشەمە، لە پارێزگاکانی ئیلام و ئەلئەحواز بەهۆی تۆز و خۆڵ مەودای بینین دابەزیەوە و کێشەی هەناسەکێشانی بۆ خەڵک دروست کردووە.
''ئێحسان ئەحمەد نژاد'' کارناسی کەشناسی وتوویەتی، هاتنی تۆز و خوڵ لە ئیلام بووەتە هۆی ئەوەیکە مەودای بینین لە شارەکانی ''مێهران و چرداول'' بگاتە ١٠٠ میتر.
ئەم تۆز و خۆڵە شارەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە و زۆربەی خەڵک بەهۆی پیسیی هەوا لە ماڵەکانیان نەهاتوونەتە دەرەوە.
بە وتەی بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی شاری ئابادان، ڕێژەی تۆز و خوڵ لەو شارە گەیشتووتە ٦ هەزار و ٨٣١ میکرۆگرەم لە میتری چوارگۆشە کە زیاتر لە ٤٥ بەرابری ڕێژەی ستانداردە.
''عەباس شاهسەوەنی'' بەرپرسی گرووپی تەندروستیی هەوا و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوای وەزارەتی تەندروستی وتوویەتی کە ساڵی ڕابردوو لە ئەهواز ٧٠٣ کەس بەهۆی تۆز و خۆڵ و هەوای پیس گیانیان لەدەست داوە.