کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەکانی کوردستان و ئێران لە ترسی خرۆشانی خەڵک میلیتاریزە کراوە

12:37 - 6 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای هەوەڵدان بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی چلەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، بە شێوەیەکی بەربڵاو لە شەقام و مەیدانە سەرەکییەکانی شارەکانی کوردستان و ئێران کەشێکی ئەمنییان پێکهێنابوو و چەندین کەسیان دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بەفرانبار، لە شارەکانی کوردستان و ئێران هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ترسی خۆپیشاندانی خەڵک بەبۆنەی چلەی شەهیدانی خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەر بە شێوەیەکی بەربڵاو لە حاڵی مانۆر و گەشتلێداندا بوون و کەشێکی ئەمنییان لە شارەکاندا دروست کردبوو.

لە بۆکان هیزە نیزامییەکان و هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم لە نێوان فەلەکەی فەرمانداری تا نەخۆشخانەی کۆن گەشتیان لێ دەدا و ئەگەر سێ کەس لە شەقامدا ڕاوەستابان هۆشدارییان پێ دەدان.

لە سەقز هێزەکانی گاردی تایبەت و لیباس شەخسیی زۆر و کەسانی جاش بە لیباسی لەجەنی و باتۆم و سپرەوە لە نێوانیاندا بوونە و کەشێکی ئەمنییان بەسەر ئەو شارەدا دروست کردبوو.

هەروەها مەریوان بەتەواوی میلیتاریزە کرابوو، هێزەکانی سپای پاسداران بەردوام بە ماشین لە شەقامەکانی ئەو شارەدا بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک دەگەڕان.

لە شوێنە گشتییەکانی مەریوان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بڵاوە بە خەڵک کراوە.

لە سنە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ترسی خرۆشانی خەڵک ئەو شارەیان بەتوندی میلیتاریزە کردبوو.

هەروەها شارەکانی دیکەی ئێرانیش لەلایەن هێزە سەرکوتکەرکانی ڕێژیمەوە بەتوندی میلیتاریزە کرابوو. 

هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران دەیان کەسیان لە گۆڕستانی کەرج کە بۆ ڕێوڕەسمی چلەی خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵەوەر کۆ ببوونەوە، دەسبەسەر کردووە.

هەر بەم بۆنەوە لە ئیسفەهانیش خۆپیشاندان بەڕێوە چوو و خەڵکی ناڕازی بە دانی درووشم داوای ئازادی و درێژەدانی ڕێگای شەهیدانی خۆپیشاندانەکان بوون.