کوردستان میدیا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش شەهیدبوونی ژینگەپارێزانی شاری مەریوان جیا لە ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان، لە بەشێکی بەرچاو لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانیش بە وەڕێخستنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی و ئەنجامدانی چالاکی یادی شەهیدانی ژینگەیان بەرز ڕاگرت.
ژینگەپارێزان، هونەرمەندان، شاعێران، مامۆستایان، مامۆستایانی ئایینی، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و بەگشتی چین و توێژەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوابەدوای شەهید بوونی چوار ڕۆڵەی ژینگەپاریزی کوردستان، بە شێوازی جۆراوجۆر و جگە لە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی، یادی شەهیدانی ژینگەیان بەرز ڕاگرت و پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازەکەیان کە ڕێگری کردنە لە سووتان و لەنێوچوونی کوردستان نوێ کردەوە.
یەکیەتیی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان" یەمامە "، ئەنجومەنی ژینگەیی شنەپای ئیلام، ئیلی مهلکشایی، رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، ئەنجومەنی سەبزئەندیشانی ژیواری ورمێ، ئەنجومەنەکانی کەنگاوەر، ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی سەقز، ڕێکخراوەی سەوزبیرانی لاوی مەهاباد، ڕێکخراوی لایەنگرانی پاراستنی شوێنگە مێژووییەکان (ئیزیرتوو) ،ژینگه پارێزانی چلچەمەی دیواندەره، ئهنجوومەنی ژیاری شاری ساحێب، ئەنجومەنی ژینگەپارێزی پاژینی بانە و دەیان NGOی دیکەی کوردستانی بە بڵاو کردنەوەی پەیامی سەرەخۆشی ڕێزیان لەم شەهیدانە گرت.
هەروەها ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی ئەم شەهیدانە لە شارەکانی مەهاباد، بانە، سەقز، مەریوان، سنە و سەیدسادق و پێنجوێن و هەولێر لە باشووری کوردستان بەبەشداری سەدان کەس لە هاووڵاتییانی کوردستان بەڕێوە چوو.
لەلایەکی دیکەشەوە چەندین کەسایەتی زانستی و هونەری کوردستانیش بەم بۆنەوە پەیامی هاوخەمی خۆیان بڵاو کردۆتەوە کە بەشێکیان بریتین لە: پرۆفسۆر کۆچەر بیرکار، مامۆستا عەزیز شاهرۆخ، هونەرمەند عەدنان کەریم و چەندین کەسایەتی دیار و بەرچاوی دیکەی کوردستان.
پێویست بە ئاماژەیە کە جیا لەم ڕێوڕەسمانە چالاکانی ژینگەپارێز و لاوانی دەروەستی کوردستان بە وەڕێخستنی هەڵمەتی چاندنی نەمام لە شاخەکانی کوردستاندا ڕێزیان لە ڕێبازی شەهید شەریف و هاوڕێیانی گرت.