کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات مێلیتاریزە دەکرێت

10:41 - 22 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: پاش خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ مەحکوومکردنی هێرشەکانی سپای تورکیە بۆ سەر خەڵک و خاکی کوردستانی ڕۆژئاوا، ڕێژیم شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بە شێوەیەکی چڕ مێلیتاریزە کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ڕەزبەر، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کە بریتی بوون لە "ئیتلاعات، سپا و هێزی ئینتزامی"، شەقام و مەیدانی شارەکانیان تەنیبوو و ڕێگایان بە هاتوچۆ و هاتنە دەرەوەی خەڵکیان بە جلوبەرگی کوردییەوە نەدابوو.

هەروەها کۆبوونەوەی زیاتر لە دوو کەس ڕێگە پێنەدراو بوو و گردبوونەوەی خەڵک بڵاوەی پێ دەکرا.

ئەو شوینانەی لە شاری "سەقز" کە زۆرترین هێزی لێ جێگیر کرابوو بریتی بوون لە: "مەیدانی دوکتور قاسملوو، مەیدانی هەڵۆ و هەروەها شەقامەکانی پەیوەندیدار بەو دوو مەیدانەوە".

هەروەها هێزێکی زۆری نیزامی و لیباس شەخسی، لەنێو مەیدان و شەقامەکانی شاری بۆکان جێگیر کرابوون، بە جۆرێک کە توندترین شێوەی مێلیتاریزەکردن بووە و سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن تا ئێستا هێزێکی ئاوا زۆر نەبراوەتە سەر شەقامەکان.

هەر لەو پەیوەندییەدا هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، شاری "شنۆ"یان بە شێوەیەکی چڕ مێلیتاریزە کردووە و پێشیان بە گردبوونەوەی خەڵک گرتووە.

هەروەها لە شارەکانی "مەریوان" و "سنە"ش، هێزە چەکدارەکان و لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم بە مەبەستی پێشگرتن لە خۆپیشاندانەکانی خەڵک، ئەو شارانەیان مێلیتاریزە کردووە و شەقام و مەیدانەکانی ئەو شارانەیان بە هیزەکانی خۆیان تەنیوە.