ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز حاجی " قادر قادری" ناسراو بە "هیوا" لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی مالاوایی لە ژیان کرد.
حاجی " قادر قادری" ساڵی ١٣١١ لە ئاوایی شێخاڵـ"ـی مەهاباد لەدایک بووە، لە ساڵی ١٣٣٧بووەتە مامۆستای قوتابخانە و لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەهاباد دامەزراوە و بڕوانامەی لیسانی لە بواری یاسا بەدەست هێناوە.
ناوبراو هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هۆگری شێعر و ئەدەبیات بووە، بەشێک لە بەرهەمەکانی بریتیین لە: ''هەژارنامە، باخچەی بەهەشت، ئاڵەکۆک، چوارچیرۆک، دایە مەمدە بە گورگی، تەفسیری دوو سورەتی قورئان بە شێعر، گەنجینەی هیوا و گڕوکاش".
حاجی "قادر قادری" خاوەن بڵاوگەی "هیوا" بووە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا مۆڵەتی بۆ دەیان کتێب بە زمانی کوردی و فارسی وەرگرتووە و لە چاپی داون.
تەرمی ناوبراو لە "مەقبەرەتولشوعەرا"ی مەهاباد کە گوڕستانێکی تایبەت بە نووسەران و ئەدیبانە، بە خاک ئەسپێردرا.