کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاعیر "ئەحمەد دڵزار" لە تەمەنی ١٠١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

18:33 - 21 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی شەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٠٢١ی میلادی "ئەحمەد دڵزار" شاعیری کورد بەهۆی نەخۆشیەوە لە شاری "هەولێر" کۆچی دوایی کرد.

"ئەحمەد دڵزار" جگە لەوەی خاوەنی سەدان شێعرە بە زمانی کوردی و عەرەبی، ھاوکات نووسین و بیرەوەرییەکانی فەرھەنگی "بابا تاھیری ھەمەدانی" کە بە زاراوەی لوڕیە وەرگێڕاوەتە سەر زاراوەی سۆرانی.

"دڵزار" ناوی تەواوی "ئەحمەد مستەفا محەممەد ئاغای حەوێزیـ"ـە، لە ساڵی ١٩٢٠ی میلادی لە ‌شاری کۆیە لە‌دایک بووە. لە ‌تەمەنی حەوت ساڵیدا ماوەی دوو ساڵ لە حوجرەی مزگەوت خوێندوویەتی و لە ساڵی ١٩٢٩ چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی، پاشان قوتابخانەی ناوەندی و لە ساڵی ١٩٤١ کۆتایی بەم قۆناغە ھێناوە و دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە و دوای ئەو قۆناغە دەستی داوەتە شێعر نووسین.

"ئه‌حمه‌د دڵزار" ساڵی ١٩٥٩میلادی بە ئەندامی یەکیەتیی ئەدیبانی عێراق وەرگیراوە، لە ساڵی ١٩٧٠ بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی نووسەرانی کورد ھەڵبژێردرا.

لەنێوان ساڵانی ١٩٧٤ بۆ ساڵی ١٩٧٩ نوێنەری بەرەی نیشتمانی لە لێژنەی "ھەولێر" دابووە ، لەپاڵ ئەمەدا ئەندامی خولی یەکەمی ئەنجومەنی یاسادانان لە ھەرێمی کوردستان بووە ، لە ساڵی ١٩٧٥ بە ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاری عێراقی ئاشتی وەرگیرا.

"ئەحمەد دڵزار" دوایین بەرھەمی شێعری بە ناوی "بژاردەیەک لە شێعرەکانی دڵزار" لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاو کردووەتەوه.