کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاعێرێکی دیکەی کورد ماڵاوایی لە ژیان و هونەر کرد

13:16 - 29 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە ساڵیادی مامۆستا هێمنی دڵ پڕ لە ئەوینی کوردستان، شاعێرێکی دیکەی کورد، ماڵاوایی لە ژیان و هونەری کوردی کرد

هاوکات لەگەڵ ۳۳ـەمین ساڵڕۆژی کۆچی دواییی مامۆستا هێمنی موکریانی، شاعێری نەتەوەیی کورد، بەداخەوە شاعێرێکی تری نەتەوەکەمان لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان، کۆچی دوایی کرد.

سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ۲۸ی خاکەلێوە، "ئەبووبەکر ئەحمەد قادر" ناسراوە بە "بەکر پشدەری"، شاعێر و ڕەخنەگری ئەدەبی، بە هۆی جەڵتەی دڵ، لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان و هونەری کوردی کرد.

ئەو شاعێرە کوردە، له ساڵی ۱۳٤۰ی هەتاوی، بەرانبەر بە ۱۹۶۱ی زایینی، لە ناحیەی "هێرۆ"ی سەربە قەزای پشدەر، لە باشووری کورستاندا لە دایک بووە و پلەکانی خوێندنی تاکوو ئامادەیی پیشەسازیی هەر لە باشووری کوردستان بە سەرکەوتوویی بڕیوە.

بەکری پشدەری، ئەندامی یەکیەتیی نووسەرانی کورد ــ ڕێکخستنی سلێمانی (لە هەرێمی کوردستان) بووە و چەندین بەرهەمی چاپکراوی لە بوارەکانی ڕەخنەی ئەدەبی و هۆنینەوەی شێعری کوردیدا بڵاو کراوەتەوە و گۆرانیبێژانی کورد چەندین شێعری ئەو شاعێرەیان وەکوو گۆرانی خوێندووەتەوە.